وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی دیکەی کارەبا لە هەرێم کارەکانی روو لە تەواو بوونە

 

 

بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا و لە چوارچێوەی پلانەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان،

كاركردن لە وێستگەی ھایدرۆپاوەری دێرەلوك دەستی پێكردووە و، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوكیش دەڵێ، بە تەواوبوونی، دەبێتە وێستگەی سێیەمی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان.

لەمبارەوە سامی ئوشانە، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوك، لە لیدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات وێستگەی ھایدرۆپاوەری كارەبا لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە قەزای ئامێدی، بە گوژمەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و تا ئێستا ٧٠%ی كارەكانی تەواو كراوە و كاركردنیش تێدا دەستی پێكردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک گوتی : ، بە ھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاركردن لە پڕۆژەكەدا راگیرابوو، لەبەر ئەوەی لەلایەن كۆمپانیایەكی ئێرانییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە كاتی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ ھەموو كرێكار و ئەندازیارەكان گەڕابوونەوە وڵاتەكەیان، بەڵام ئێستا ٢٠٠ كرێكار و تیمی كاركردن گەڕاونەتەوە.

لە کۆتاییدا باس لە توانای بەرهەم هێنانی لارەبای ئەو وێستگەیە دەکات و  دەڵێت ،  پڕۆژەكە توانای بەرھەمھێنانی ٣٨ مێگاوات كارەبای ھەیە و بە تەوابوونیشی، دەبێتە سێیەم وێستگەی بەرھەمھێنانی كارەبا لە دوای دوكان و دەربەندیخان، ئەوەش واتە دابین کردنی زیاتری کارەبای نشتیمانی و نزیک بوونە لە ٢٤ کاتژمێر بوونی کارەبای هەرێمی کوردستان .

Back to top button