سەرۆكی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا
سەرۆكی فەڕەنسا گەیشتە بەغدادی پایتەختی عێراق و بڕیارە چەند كاتژمێرێك لە وڵاتەكە بمێنێتەوە و چاوی بە سەركردەكان بكەوێت، وەك لە كارنامەی سەردانەكەیدا بڵاوكراوەتەوە.
شەوی ڕابردوو لەپاش كۆتاییهاتن بە سەردانەكەی لوبنان، ئیمانیۆل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لەبارەی سەردانی بۆ عێراق وتی، سبەی بەیانی لە عێراق دەبم و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان پشتیوانی لە سەروەری عێراق دەكەین.
ماكرۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق سەركردە و گەلی هەیە و دەیانەوێت خۆیان بە دەستی خۆیان چارەنووسیان دیاری بكەن، ڕۆڵی فەڕەنساش ئەوەیە یارمەتییان بدات لەوەدا.
هەر لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا، سەرکۆماری فەرەنسا لەگەڵ نێچیرڤا بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.