پارتی کرێکارانی کوردستان و دەرفەتی زێڕین

 
لەبری بوختان هەڵبەستن بۆ پارتی و خۆهەڵواسین بە کۆنگرەی نەتەوەیی، کە نە کاتیەتی، نە بەم دۆخەوە هیچی لێ شین دەبێ، دووریش نییە بەهۆی دەستێوەردان و قۆرغکارییەکانەوە رەوشەکە ئاڵۆزتر بکات. پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) بوێر بێ و ئەو (دەرفەتە زێڕینە) وەبەربهێنێ ، کە هیچی لە دەرفەتی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی هەرێمی کوردستان کەمتر نییە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، بگەڕێتەوە مەیدانی خەباتی راستەقینە. بەم هەنگاوەی هەم رووی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا سپی دەکاتەوە، کە لەئەنجامی دەستێوەردانەکانیدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە، هەم جێ پێیەک لەو جوگرافیایە بۆخۆی دروست دەکات، کە مەیدانی خۆیەتی.
وەک دەخوێندرێتەوە، باری حوکمڕانی ئەمڕۆی تورکیا، لە هەردوو ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەیدا لە خراپترین باردایە، لەلایەک بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەکەی، لەلایەکی دییەوە بەهۆی دەستێوەردانەکانی لە کاروباری سوریا، عێراق و لیبیاوە، هەروەها بەهۆی کنە و پشکنینەکانی لە هەر سێ دەریای ئێجە، رەش و سپی ناوەڕاستدا بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی وزە کێشەی لەگەڵ یۆنان و فڕەنسادا هەیە، یەکێتی ئەوڕووپاش لە جموجۆڵەکانی ناڕازییە، تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هەست دەکات تورکیا سەرئیشە و ئاستەنگە لەپێش سیاسەتەکانیدا لە ناوچەکەدا، بێ لەو لایەنانەی ناوم هێناوم، هەریەک لە روسیا، میسر و ئیمارات و سعودیاش لە جموجۆڵەکانی حوکمڕانی تورکیا پەستن و کەیفیان بە چارەی نایەت، هەروابێتەوە سۆدان و تونسیش وەک جاران دۆستی نین.
وەک ئەوەی ئەمانۆئیل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فڕەنسا لەسەر حوکمڕانی ئێستای تورکیا گۆتی( تورکیا لە گفتار ناگات، تەنها لە کردار دەگات)، بۆیە هەر بەم پێوەرە ئەگەر پەکەکە سەربەخۆیە لە خەبات و جوڵەکانیدا یا وەک خۆیان دەڵێن خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد دەکەن. پێویستە بە هەموو قوڕساییەکی خۆیەوە بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینە، کە بۆ هەموو لایەک سوودی دەبێت، چونکە دۆخەکە وەهایە هەریەک لە نەیار و ناحەزەکانی تورکیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەشێوەیەک پشتیوانی لەهەر هێزێک لەناوەخۆی تورکیا دەکات، کە بکارێ سەرئێشەی بۆ دروست بکات، بەم هەنگاوەی پەکەکە دەتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا تورکیا( ئێجا ئەو حکوومەت بێت یا حکوومەتێکی دی) ناچار بە هەنگاونانی ئەرێنی بکات بو بەرژەوەندی دۆزی کورد.
Back to top button