بۆ ئاسایی کردنەوەی هەموو پێوەندییەکانی نێوانیان پارتی و یەکێتی جارێکیتر کۆ دەبنەوە

 

سەرەڕای ئەوەی تا ڕادەیەکی بەرچاو پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن ، بەڵام راوێژکاری مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت جارێکیتریش کۆبوونەوە دەکەن .

لەمبارەوە عارف روشدی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : “دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و توانرا تا رادەیەكی باش پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی بكەنەوە، بڕیارە كۆبوونەوەی دیكەش ئەنجام بدرێن و چاوەرێی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی دیكە بكرێت

روشدی لە بەشیکی تری قسەکانیدا دەڵێت : “ھەندێك ھۆكار ھەن كە كۆبوونەوەی داھاتوو دوابكەوێت، یەكێك لەوانە مەترسییەکانی ڤایرۆسی  كۆرۆنایە ، بەڵام بڕیاری كۆبوونەوەی دیكە ھەیە و دەشكرێت و پەیوەندیی نێوان ھەردوو حیزب ئاسایی دەكرێتەوە”.

لە کۆتاییدا ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی نێوان ئەو دوو حزبە دەکات و ڕایدەگەیەنێت : “ئەو كۆبوونەوانەی كراون، زۆر باش بوون و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان بەرەو ئاساییبوونەوە بردووە، چونكە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی ئەو دوو حیزبە، لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە”.

Back to top button