وتەكەی سەرۆك لە شەرقولئەوسەت
زكری موسا
“ئەگەر مالیكی بێتەوە سەركار ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیێنین” ئەمە وتەی سەرۆك بارزانییە لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت. چۆن پڕۆژەیەكی نەتەوەیی وا گەورە بە هاتن و نەهاتنی كەسێك دەبەسترێتەوە؟ كێشەی بارزانی و مالیكی شەخسییە… سەربەخۆیی بابەتێكی ستراتیژیی نییە لە ڕوانگەی بارزانییەوە… ئەمە بەشێكە لە كاردانەوە ناوخۆییەكان لە بەرانبەر وتەكەی سەرۆكی هەرێم. بەشێكی زۆری كاردانەوەكان بۆ ئەم وتەیەی سەرۆك بارزانی لە ئاستی ناوخۆدا خوێندنەوەیەكی سەتحیە و لە بێئاگاییەوە دێت لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق یان قۆستنەوەیەتی بۆ ئەوەی زیاتر بەرد لە پڕۆژەی سەربەخۆیی بگرن.
ستراتیژیی سەرۆك بارزانی لەبارەی سەربەخۆیی زۆر ڕوونە. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە ئاشكرا و لە مەحافلی سیاسیی دەولی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی كاری بۆ كردووە. سەربەخۆیی پڕۆسەیەكە و دەستی پێ كردووە و لەم ڕێگەیەدا دوژمنایەتی و كۆسپ و تەگەرەی زۆر، بەربەست لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا دەنێنەوە. بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە خەڵكی كوردستان ڕای خۆیان بە جیهانیان ڕا دەگەیێنن. بەر لە ڕیفراندۆمیش لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانەدا سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا دەكەوێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
یەكەم باسكردنی ڕەسمی لەبارەی سەربەخۆیی لە كۆنفڕانسی میونیخی پارساڵ بوو. سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی بە حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند كە ئامانجی كۆتایی كوردستان سەربەخۆییە و ئەمەیشی لەگەڵ شاندی باڵای كوردستان لە سەردانە مێژووییەكەی مانگی ئەیلوولی ڕابردوو لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق خستووەتەڕوو. لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا بڕیار لە پێكهێنانی كۆمیتەیەكی تایبەت درا كە دیراسەی ئاییندەی پەیوەندییەكانی عێراق و كوردستان بكەن و لەسەر سیغەیەك ڕێك بكەون. مەبەستی سەرەكی لە دانوساندن تەئكیدكردنەوە بووە لە ئاشتییانەبوونی پڕۆسەكە و عێراق و كوردستان ببن بە دوو دراوسێی باش كە كاری هاوبەشی ئەمنی و ئابووری و شەڕی تیرۆر پەیوەندییەكانیان لە دوژمنایەتی بۆ دۆستایەتی و برایەتی بگۆڕێت.
كارەكتەرێكی شوومی دەساڵی ڕابردوو لە عێراقدا نووری مالكیە. ئەو كە سەرچاوەی نەهامەتی و تاییفییەت و گەندەڵییە لە عێراق توانیویەتی دەستوپێ و پاشكۆ لەنێو كورد و سووننە بۆ دژایەتیكردنی كوردستان و حكوومەتی عێراقی دروست بكات. پاشكۆ كوردەكانی مالیكی لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێستادا بە ئەكرادی مالیكی ناوەزەد كراون. مالیكی و دەستوپێكانی نەیاری سەرسەختی سەربەخۆیی كوردستانن. لێرەدایە بایەخی وتەكەی سەرۆك بارزانی دەردەكەوێت و پەیامێكی روونە بۆ لایەنە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستان. مالیكی بگەڕێتەوە سەر حوكم ئیتر شتێك بەناوی دانوساندن لەگەڵ بەغدا مانای نامێنێت و بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی پێویست بەوە ناكات كات بە دانوساندن بە فیڕۆ بچێت و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا سەربەخۆیی ڕادەگەیێنرێت. چونكە هەڵوێستی مالیكی و شۆڤیینییە هاوڕێكانی لەبارەی كوردستان زۆر ئاشكرایە.
گەڕانەوەی مالیكی بە واتای گەڕانەوەی توندی و دیكتاتۆرییەت و زمانی ئینكارە لە سیاسەتكردن و لە دۆخێكی ئەوهادا كوردستان ناچارە بێ دانوساندن لەگەڵ بەغدا و بێ گەڕانەوە بۆ پاشكۆ كوردەكانی مالیكی لە كوردستان، سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیێنێت.