وردەکارى سوتانى چیاى گۆیژە لە سلێمانى

درەنگانی شەوی رابردوو، ئاگر لە شاخی گۆیژە لە سلێمانی کەوتەوە و بەشێکی بەرچاوی چیاكه‌ و داره‌كانی سوتان، به‌شێكی زۆری دانیشتوانی شووقه‌كانی شاری گۆیژەش له‌ ترسی ئاگره‌كه‌ لە باڵەخانەکان هاتنە خوارەوە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دەست دەزگایی میدیایی (خوکوڕك)، دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو به‌هۆكارێكی نادیار، ئاگر له‌ به‌شێكی چیای گۆیژه‌ كه‌وته‌وه‌ و رووبه‌ڕێكی زۆری داره‌كانی چیاكه‌ سووتان، تا ئێستاش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی ئاگره‌كه‌ دیار نییە، ئەوەشی کە وایکرد ئاگرەکە هێندەی تر گەورە بێت، بریتی بوو لەو رەشەبا بەهێزەی شەوی رابردوو.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ گەیشتوونەتە سەر ئاگرەکە و هه‌وڵی كوژانه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گاته‌ باڵه‌خانه‌كانی شاری گۆیژە، چونكه‌ ئاگر ته‌واوی باڵه‌خانه‌كانی ته‌نیبوو، بەڵام بەهۆی زۆری و بەربڵاوی ناوچەی سوتانەکەوە، نەتوانراوە بە زووی کۆنترۆڵبکرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دەزگایی میدیایی (خواکوڕك)، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یه‌كی زۆریان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناو شووقه‌كان بێنه‌ خواره‌وه‌ له‌ باڵه‌خانه‌كان، ئه‌مه‌ش بارودۆخێكی ترسناكی دروست كردبوو.

لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بو به‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاندووه‌: ئەمشەو تا بەری بەیان لەگەڵ تیمە جوامێرەکانی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی و پۆلیس و ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و لیواکانی سکرتایەت و هاونیشتمانانی دڵسۆزدا بووين، بۆ پاراستنی گیان و سامانی دانیشتوانی کۆمەڵگا نیشتەجێبونەکانی گۆیژەو کوژاندنەوەی ئاگرە مەترسیدارەکەی شاخی گۆیژەو بەدواداچوون بۆ کەمتەرخەمیی و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، سوپاس بۆ خوای گەورە، سوپاس بۆ هیمەتی هەموو لایەک لە سەعات پێنجی بەرەبەیاندا کۆنترۆڵکرا.

Back to top button