نیگاکانی شەهید هوجام

مەسعود مەلا پەروێز
ساڵێکە ئەو ڕوانینەت لەبیر ناچنەوە ، ئەو نیگایە هەزاران مانا دەبەخشێ ، هەزاران وانەمان پێ دەبەخشێ و هەزاران ڕێگامان پیشان دەدات بۆ یەکگرتن یەکبوون ، ئەو نیگایە پێمان دەڵێت ئەو شمشێرە لەسەر ملی تۆ بوو ، هەزار و ئەوەندە ساڵە لەسەر ملی هەموو کوردێکە و هەر جارە و بە ناوێک و هەر جارەو لە قۆناغێک و بە شێوەیەک دەردەکەوێ ، هوجام ئەو نیگایانەت هەموومانی گەڕاندەوە بۆ ئەو سەردەمانەی زوو کە هەر ئەو شمشێرە تیژە عەرەبیە ملی پیاوانی دەبڕی و کەنیشکە جوانەکانیشیان دەبرد بە جاریە ، لەم سەردەمەیشدا ئەم جرجانە لەژێر زەویەوە پەیدابوونەوە ، شمشێرەکانیان وەک سەردەمی زوو بەرز کردەوە ، تاوانەکانی زوویان دووبارەکردەوە ، بەڵام ئەم جارەیان پێشمەرگە ڕوبەڕوویان وەستا و تۆڵەی تۆ و شەهیدانی تر و کچە ئێزدیەکانیان کردەوە ، نیگاکانی تۆ هوجام پێمان دەڵێت ئەگەر سەربەخۆ و سەربەست نەبین ، هەروا شمشێرەکان لەسەر ملمان دەبێت و ملمان دەپەڕێنێ ، بۆیە تا ماوم هوجام ئەو نیگایانەت لەبیر ناکەم هەرگیزیش ناتوانم لەبیری بکەم چونکە ئەو نیگایانە مێژووی نەتەوەیەکە

Back to top button