فهرهنسا كێشهی كورد له رووی مێژووی و جوگرافیا دهخاته نێو مهنههجی خوێندنی پۆڵی 11
دوای ئهوهی خوێندنی ساڵێ نوێ دهستی پێكرد له گهڵ دهست پێكی خوێندنی ئهمسال وهزارهتی پهرهوهردهی فهرهنسا ههریهكه له وانهكانی مێژوو و جوگرافیای پۆلی 11 گۆڕی و ئهمساڵ له و دوو وانهیه كێشهی كورد به ناونیشانی كورد نهتهوهیهكی بێ دهوڵهت دهخاته نێو مهنههجی خوێندن.
بابهتهكه بهم شێوهیه بڵاوكراوهتهوه كه له بهرامبهر كۆمهلێك ناو یان پرسیار وهڵام دراوهتهوه له دهست پێكدا به ناونیشانی ( زیندووبوونەوەی هیوای سەربەخۆیی ) دهست پێدهكات.
لە دەقی نووسراوی ئەو وانەیەدا هاتووە كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهان و ژمارەیان نزیكەی 40 ملیۆن كەسە و زۆرینەیان سوننەن بە ئایینزا. هەروەها لە وانەكەدا هاتووە: یەك سەدەیە بەشێك لە كورد لەپێناو كوردستانێكی سەربەخۆ تێدەكۆشن و ئەو دەوڵەتانەی بەشێكی كوردستانیان بەركەوتووە دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە، بەڵام رووخانی رژێمی سەددام و هەرەسهێنانی سووریا هیواكانی بۆ دروستبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ زیندووكردەوە.
لە بڕگەیەكی دیكەی وانەكەدا پرسیارێك كراوە ” ئایا ململانێیەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبنە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی؟”.
پێشمەرگە
لە بڕگەیەكی دیكەدا باسی رۆڵی هێزە كوردییەكان دەكات لە تێكشكاندنی داعش و تێیدا باسی رۆڵی پێشمەرگە كراوە و نووسراوە ” واتای پێشمەرگە لە زمانی كوردی دا واتە ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. هێزەكانی پێشمەرگە هەمان دۆخی سەربازەكانی عێراقیان هەیە، ئەوەشیان دوای شەڕكردن دژی سەدام حوسێن و شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەدەستهێنا. ئەو یەكانە لە ساڵی 1920 دامەزراون و ئێستا ژمارەیان نزیكەی 350 هەزار جەنگاوەرە”.
داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان
هەروەها لە وانەكەدا باسی بڕیاری سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كراوە، ئەو بڕیارەی بە رەزامەندی ترەمپ درا لە 9ی ئوكتۆبەری 2019 بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان. هەروەها شەڕی داعشی بە سەرەتای هاوكاری نێوان ئەمریكا و كورد داناوە لە سووریا، كوشتنی سەرۆكی داعشیش گرنگیی ئەو هاوكاریەی نیشاندا، هەروەها دەڵێ ئەوە سەرەتای داگیركاری توركیاش بوو بۆ وڵاتی كوردان لە سووریا و، لەو بەشەی وانەكەدا نووسراوە ” كۆتایی كوردستانی سووریا: لە 9ی ئوكتۆبەری 2019، سەرۆكی توركیا ئەردۆغان، بە رەزامەندی سەرۆك ترەمپ هێرشێكی سەربازیی دژی كورد لە سووریا دەستپێكرد. ئەوەش كۆتایی هاوكاریی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كوردی سووریابوو – ئەو هاوكاریەی ئۆپەراسیۆنی دژی سەرۆكی دەوڵەتی ئیسلامی بایەخەكەی نیشاندا- و هەروەها سەرەتای داگیركاریی توركیا بوو بۆ وڵاتی كوردان لە سووریا. دوای تۆپباران، سوپای توركی تانكەكانی و خاكی دایە دەست بریكارەكانی .. ئەو گرووپە چەكدارانەش – بەزۆری بریتیبوون لە چەقۆكێش یانیش جیهادی یاخود چەقۆكێش و جیهادی لە یەك كاتدا- لەو عەرەبە سوننانە پێكهاتوون كە رقیان لە كورد و كریستیانەكانە، ئەوانە پێشتریش چەكداری لقی ناوخۆیی رێكخراوی قاعیدە بوون. تەنانەت چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی بوون و لە خزمەتی سوپای توركیادا بوون”.
عەفرین
هەروەها بڕگەیەكی وانەكە باسی عەفرین دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و نووسراوە” ناتوانین بڵێین ئاگادار نین. لە ئاداری 2018ەوە، سوپای توركیا ناوچە و شاری عەفرینی زۆرینە كوردنشینی داگیركردووە. ئەو ناوچەیەش دراوەتە دەست گرووپە جیهادییەكان – كە مافی بردنی هەموو شتە دەستبەسەركراوەكانیان هەیە. چەكدارانی ئەو میلیشیانە ماڵ و زۆر لە دووكانەكانی كوردیان تاڵانكردن. دەستیانكرد بە رفاندن بۆ فیدیە وەرگرتن و كوشتنی بەكۆمەڵیان ئەنجامدا بەبێ هیچ دادگاییكردنێك. دانیشتووانی كورد رایانكرد. 130 هەزار كەسیان فڕێدرانە سەر شەقامەكان، ئەوەش ئامانجە جێبەجێبەكراوەكەیە، چونكە مەبەستەكە : كۆتاییهێنانە بە هەبوونی كورد، لە هێڵی سنووریی لەگەڵ توركیا”.
سوپاسی ترەمپ بۆ كورد
هەروەها بڕگەیەكی وانەكە تەرخانكراوە بۆ رۆڵی كورد لە سووریا لە تێكشكاندنی داعش دا ” كوردی سووریا یەكەمین هێزبوون دەوڵەتی ئیسلامییان تێكشكاند و بەغدادییان لە پایتەختە سوورییەكەی لە رەقە دەرپەڕاند. بەبێ ئەوان كە 11 هەزار قوربانیاندا لەو شەڕەدا، ترەمپ نەیدەتوانی ئاهەنگی سەركەوتنەكەی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بگێڕێت. بەشێوازی خۆیشی سوپاسی كوردی كرد : لە رێگەی تەسلیمكردنیان بە هەندێ جیهادیی دیكە”.
لە وانەكەدا هەندێ پرسیار لە خوێندكاران دەكرێن:
-ئایا دۆخی كورد لە هەموو دەوڵەتەكاندا وەك یەكە؟
– ئایا سەربەخۆیی تائێستا تاكە رێگەیە كە كورد دەیەوێت، هەروەك چۆن لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوودا هەوڵی بۆ دەدات؟
-رۆڵی كورد چ بوو لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دا؟
– بۆچی دەتوانین بەراوردی نێوان دۆخی كوردانی سووریا و كوردانی عێراق بكەین؟
ساڵی خوێندنی قۆناخی ئامادەیی لە فەرەنسا لەنێوەڕاستی ئەو هەفتەیەدا دەستیپێكرد. هەزاران خوێندكار لە فەرەنسا ئەو وانەیە لەسەر مێژووی كورد و دۆزی كورد و خەباتی گەلی كوردستان دەخوێنن. هەروەها رۆڵی كورد دەخوێنن لە تێكشكاندنی داعش دا.
ژمارەی ئەو خوێندكارانەی لە ساڵی 2019 قۆناخی ئامادەییان خوێندووە 755 هەزار و 900 خوێندكاربووە، كە 51% خوێندنی گشتییان خوێندووە، 21% خوێندنیی تەكنیكییان خوێندووە و 28%یش خوێندنی پیشەییان خوێندووە.