بابەکر زێباری : پێویستە پەکەکە بیانووی تورکیا نەهێڵێت
راوێژکارێکی سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بیانوی تورکیا نەهێڵێت و هێزەکانی خۆی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە، چونکە بوونی پەکەکە “رێگە خۆشکەرە بۆ بەردەوامبونی هێزی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
بابەکر زێباری، راوێژکارێکی سەربازی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویکردەوە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەردەم سیاسەتێکی ئاشتی بوە و هیچ کاتێک نەیویستوە کێشەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا هەبێت، بەڵام بەداخەوە هەمیشە تورکیا بونی گەریلاکانی پەکەکەی کردوەتە بەهانە لە باشوری کوردستان بۆ بەزاندنی سنوری سەروەری وڵات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان ناچارن بپرسن ئەگەر سنور لەلای ئێمەوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە هەروەکو ئەوان باسی دەکەن، بۆچی ئەوان سنوری وڵاتەکەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ ناکەن، هەروەکو سنورەکانیان لەگەڵ ئێران و سوریا بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کردووە.
بابەکر زێباری باسی لەوەشکردووە، پێویستە پەکەکە بیناوی تورکیا نەهێڵێت و هێزەکانی خۆی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە، چونکە بوونی پەکەکە رێگە خۆشکەرە بۆ بەردەوامبوونی هێزی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ هەینی نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ هەریەکە لە مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و پاشان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوەوە.
چاوشئۆغڵو لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، پێشوازیمان کرد لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، لەبارەی پەیوەندنییەکانمان بە تایبەتی پرسی بەرەنگاربونەوەی پەکەکە گفتوگۆمان کرد.