وەزارەتی دارایی خەرجكردنی بڕە پارەیەكی ڕاگەیاند
وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕە پارەیەكی بەرچاو بۆ شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەركرد.
وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی نزیكەی 128 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەلار بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی ئەو سنوورە دا.
بەگوێرەی نووسراویكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوورییەوە واژوو كراوە، تێیدا هاتووە، ڕازین لەسەر تەرخانكردنی بڕی 127 ملیۆن و 805 هەزار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەلار تایبەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دابینكردنی سێت كامل پەمپ، ماتۆڕ، بۆرد و دانانی یەكەی پاڵنانی ئاوی كەلار – 1.
وەزیری دارایی لە نووسراوەكەیدا باسی لەوەش كردووە، ئەم پارەیە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو تەرخان دەكرێت بەمەرجێك كارەكە بەپێی ڕێنوێنی ژمارە 2ی ساڵی 2016ی وەزارەتی پلاندانان تایبەت بە جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتییەكانی حكوومەت كاری لەگەڵدا بكرێت.