سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبانی و شه‌نگال وه‌ك یه‌ك پاكیج سه‌یر ده‌كات

خواكوڕك

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كاته‌ی‌ برایانی ئێمه‌ له‌ كۆبانێ پێوستیان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو، ئێمه‌ هێزمان بۆیان ره‌وانه‌ كرد، ئه‌وكاته‌شی داوایان كرد هێزه‌كه‌ بكشێنینه‌وه‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌وان هێزه‌كه‌مان گه‌ڕانده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ میانی دیدارێكی له‌ كه‌ناڵی (BBC) فارسی رایگه‌یاند، “كاتێك مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆبانێ نه‌ما ئێمه‌ هێزه‌كانمان له‌و ناوچانه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، ئێستاش مه‌ترسی له‌سه‌ر شه‌نگال نه‌ماوه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانەوەی پەکەکە لە شنگال یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەکە نادات و لەو ناوچەیە پرسێکی هەستیار دێنێتە ئاراوە.”

بارزانی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پێش باره‌گای (حدك) ده‌ڵێت، “پێشتر ته‌قینه‌وه‌كه‌مان مەحکومکردووە و هەر کەسێک ئەوەی ئەنجامداوە کارێکی ناشرینە و وەک هێرش بۆسەر خۆمانی دەزانین” ده‌شڵێت، “گومانێکی زۆر هەیە کە ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەو هێرشەوە بووبێت، بەڵام بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بارزانی له‌باره‌ی كێشه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌ڵێت، “وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم داوایه‌كمان له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بگەنە ئەنجامێک، ئەوان ئیزن و دەرفەتی چالاکی و کاری سیاسی بە هیچ پارت و لایەنێکی دیکەی ڕۆژئاوا نادەن و سیاسەتی هاوشێوەی دیکتۆرەکانیان گرتووەتە پێش”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوان بۆ پرسی مرۆڤایەتی و یارمەتیدان کراوەن، بەڵام لەوانەیە ئێمە پێش بە هێنان و بردنی چەکوچۆڵ بگرین، بەڵام بەمدوایانە ئێمە خەریکین لەم بارەوە گفتوگۆ دەکەین کە بە چ ڕێکارێک دەکرێت ئەو سنوورانە زیاتر کراوە بن، چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دایە.”

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ڵێت، “ئه‌وان قوربانی زۆریان بۆ شه‌ڕی داعش داوه‌، بەڵام دەبێت ئەو هێزانە دوای شەڕەکە ڕێکبخرێنەوە و کۆنترۆڵبکرێن ئەگینا دەبنە مەترسی”.

له‌باره‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، “ێمە لەو شوێنانە ناکشێینەوە کە کۆنترۆڵمانکردووە و لەو بارەیەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین”. ده‌شڵێت، “دوای دەیان ساڵ ڕێگاماندا سوپای عێراق بە خاکەکەماندا تێپەڕێت و بڕوات بۆ شاری موسڵ، بۆیە لە شەری دژی داعشدا هەماهەنگی باش لەنێوانماندا هەیە”.

Back to top button