شاندێكی هاوبه‌شی په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ن

خواكوڕك

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شاندێكی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگاله‌وه‌ به‌ یاوه‌ری شاندێكی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و تاران فڕیون و وا بڕیاره‌ چه‌ند رێكه‌وتنێك له‌ نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ به‌ ناوبژیوانی ئێران واژۆ بكرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كان، شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌رپرسانی پاسداران و ده‌زگای ئیتڵاعاتی ئێرانی و راوێژكارانی خه‌منه‌یی كۆده‌بنه‌وه‌، چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ عێراق و سوریا و ناوچه‌ سنووریه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسێكی ئێزدی له‌ شه‌نگال ده‌ڵێت، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی سه‌ردانه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان ئه‌و دوو گرووپه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی چوونی حه‌شدی شه‌عبیه‌ بۆ ناو خاكی سووریا، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردووه‌ ئێران به‌گرنگیه‌وه‌ له‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال بڕوانێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ پێیوایه‌، جۆره‌ رێكه‌وتنێكی سه‌رزاره‌كی له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ نێوان ئه‌و دوو گرووپه‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، له‌ ئێستاشدا په‌یوه‌ندی نێوانیان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ گه‌شه‌ی كردووه‌ و پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیش پێویستی به‌ رێكه‌وتن و پرۆتۆكۆل هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م كاره‌ش ئێران هاوكاریان ده‌كات.

Back to top button