كەس بە دوایان نەكەوت

لە یادی داستانی خواكوركدا شێخ ئەدهەم بارزانی نوسینێكی لە فیسبوكی خۆی دانابوو. كە نووسینەكەم خوێندەوە داخێكی زۆر دایگرتم. جێگەی سەرسوڕمانی زۆرە كەسێكی وەك ئەو كە خۆی بە سەركردە دەزانی بچێتە ناو هەوڵێكی هەرزانی فەیسبوكی بۆ شێواندنی مێژوو و بێ بەهاكردنی قوربانیدانی پێشمەرگە.

هەموو خەڵك و خودی ئەویش زۆر باش دەزانێت كە كێ شەڕی خواكوركی كرد و كێ قوربانی دا و سەركەوتنی تۆمار كرد. بە داخەوە بەڕێز ئەدهەم بارزانی ناوی شەهیدەكانیشی شێواندوە و بە جۆرێكی سەیر هەندێ ناو دەهێنێ كە گوایە لە شەڕی خواكورك شەهید بوونە. ئەوە لە حاڵێكە كە ئەو ناوانەی ئەو ئاماژەی پێداون لە بیستی مانگی تەموزی 1988 لەگەڵ پاسدارێك بە ناوی سەید باقر تەباتەبایی فەرماندەی قەرارگای (نەسر)ـی سوپای پاسدارانی ئێران چووبوونە بارەگای حیزبوڵا لە گەلی ڕەش. پاش حەفتەیەك لە بیست و حەفتی تەموزی 1988 عەسكەری عێراق بە كۆپتەر ئینزالیان كرد و ڕێگەی نازدارەداخیان كۆنتڕۆڵ كرد و سەید باقر و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ویستیان خۆیان ڕزگار بكەن بەڵام كەوتنە كەمینی سوپای عێراق و خۆی و ئەو كەسانەش بە دەستی سوپای عێراقی كوژران كە شێخ ئەدهەم بە شەهیدی خواكورك ناوی بردوون. دوای ئەوە سەرۆك بارزانی زەعیم عەلی ڕاسپارد كە هێزێك ببات و لەوێ هێرشی سەر سەربازە عێراقییەكان بكات. ئەو هێزە عێراقییەی كە لەوێ بوون ئیبادە كران و هەویەی سەید باقر تەباتەبایی و رەزمەندەكانی تری حزبوڵای شۆڕشگێڕ لە گیرڤانی سەربازە عێراقییەكان دۆزرانەوە. دوای ئەوە جەنازەكانیشیان هێندرانەوە بۆ شنۆ.

ئەمەم بۆیە باس كرد بۆ ئەوەی مێژوو وەك خۆی باس بكرێ و كەس ڕێگە بە خۆی نەدات و بۆ مەرامێكی خەراپ نەیشێوێنێت. هەروەها خوێنەرانی فەیسبوكەكەی شێخ ئەدهەمیش لە ڕاستی و چۆنیەتی بابەتەكە بگەن و چەواشە نەكرێن.

هەموو لایەك دەزانین حیزبوڵای شۆڕشگێڕ چی بوو و بە قسەی كێ دروست بوو. بە بیری جەنابی شێخیش دێنمەوە كە حیزبەكەی بە فەرمانی ئێران و بۆ ئەوە دروست بوو كە ببێتە بەدیلی پارتی. بەڵام بۆ دۆست و نەیار دەركەوت كە لەسەر ئەرزی واقیعدا كێ هێزە و خەڵكیش لەگەڵ كێ دایە. بیرم دێت ئەو كات هەموو چالاكی و غیرەتیان ئەوە بوو كە بە ناو خەڵكی ئاوارە و پەنابەردا بگەڕێن بۆ ئەوەی خەڵك بە پارە و ئەرزاق بكڕن بەڵام خەڵكی ئێمە ئەوەندە عزەتی نەفسی هەبوو بە دوایان نەكەوتن و هەر وەڵامیشیان نەدانەوە. دواتر بۆ ئێرانیش دەركەوت كە حیزبوڵای شۆڕشگێر هیچیان پێ ناكرێت بۆیە وازی لێ هێنان و دوكانەكانی لێ داخستن. ئەگینا ئێستاش جەنابی شێخ ئەدهەم هەر لەوێ دەبوو.

باشتر دەبێ جەنابی شێخ چیتر خۆی لە بابەتەكان وەرنەدات. ئەگەریش زۆری حەز لێیە هەموو لاپەڕەكانی حیزبوڵای بۆ هەڵدەدەینەوە.

پێشمەرگەیەكی بەشداربوو لە شەڕی خواكورك

Back to top button