قوباد تاڵه‌بانی واده‌ی ده‌ستكاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نێت

خواكوڕك

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌رنامه‌ی چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بێت تاكو به‌دیهێنانی شه‌فافیه‌تی زیاتر له‌ داهاته‌كان، و ئه‌و رۆژگاره‌ش تێپه‌ڕی به‌ واژووی به‌رپرسێك هه‌زاران كه‌س دابمه‌زرێت.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداری كردنی ئه‌لیكترۆنی كردنی مه‌رزی باشماخ رایگه‌یاند، “حکومەت ناچار بووه‌ پێداچوونەوە بكات به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، ئێستا بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونەکان و هاوکاری هەموو لایەک پێداچوونەوە دەکەین بەو سیستەمە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران”.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت دڵنیایشی دایه‌ مووچه‌خۆران كه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌كانیان نافه‌وتێت و رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی میكانیزمێكی تایبه‌ته‌وه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌.

له‌باره‌ی سیسته‌می بایۆمه‌تریشه‌وه‌ تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارکردووە. پێویستە هەموو مووچەخۆران خۆیان تۆمار بکەن، چونکە دوای کۆتاییهاتنی وادەی پرۆسەکە، مووچە نادرێت بەو کەسانەی خۆیان تۆمار نەکردووە.

جێگری سەرۆكوەزیران راشیگەیاندووە، “پێداچوونەوەمان کردووە بە سیستەمی باج و میکانیزمی کۆکردنەوەی باج و چۆنیەتی بەکارهێنانی وەک بودجەیەکی حکومەت. هەروەها بە ئەلیکترۆنیکردنی کەرتی دارایی و کارگێڕی کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و کۆکردنەوەی داهات و خەجکردنی بەشێوەیەکی شەفافتر”.

Back to top button