“وڵات بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات”
لەم دە ساڵەی دادێ رۆژهەڵاتێکی زۆر جیاواز لەوەی هەبوو دەبینین، دەوڵەتە “خرت و عالۆرییەکان” وەکو خۆیان نامێننەوە و دەوڵەتی دی دەردەکەون. ماوەیەکە، رێک دوای کودەتای کوڕەکانی جەنگی، کۆنە پیاوی مەنزومەی ئیستخباراتی پێشووی کەرکووک، بەناوی کۆنگرەی نوێبوونەوە بەسەر یەکێتیدا، هەندێ کەس، لەناو ریزی یەکێتی و دەرەوەیدا، خوا لێم بە عیتاب نەگرێ، دەڵێن فلیم( لەسەر خۆیان و خێزانەکانیان)گیراوە، ئاوازی “هەرێم بەرەو چارەنووسێکی نادیار یا هەڵوەشاوە دەڕوات” دەچڕن. وێڕای بوونی هەندێ کەموکوڕی ئیداری و قەیران و گەندەڵی، کە قابیلی چارەسەرن، بەڵام ئەم ئاوازە بەو رەشبینییە رەهایە بە پێشکەوتنە سیاسییەکان و پێگەی هەرێمی کوردستانیش نامۆ و نەشازە، بۆیە دەخوازێ قسەیەکی کورتی لەسەر بکەین، نەک وەڵامدانەوە، چونکە وڕێنەکان یا تەنگەنەفەسییەکانی ئەوان ( رەنگە ئەنجامی تای بەهێزی پەتای کۆڤید نۆزدەی نوێ بێت) شایەنی وەڵامدانەوە نییە. واتە قسەکەم بۆ هاووڵاتیانی کوردستانە نەک ئەوانی پەتک کراو.
جارێ، پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان بەهەر قۆناغێک بەراورد دەکەی( جگە لە قۆناغی بەدناوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، رۆژێک دێت ئەنجامدەر و خائینان لەسەری دادگایی بکرێن) لە پاشەکشەدا نییە، کە ئەوان کاریان بۆی کردوو و دەکەن. ئەمڕۆ یا سبەی لە سەرینی نەخشە کێشانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بووەتە پێداویستییەکی بەلەز و گرینگی سیاسەتی نێودەوڵەتیی، بەو ئامانجە دەگات، کە دەریایەک خوێنی بۆ دراوە. بۆ مەعلومات، لەم دە ساڵەی دادێ رۆژهەڵاتێکی زۆر جیاواز لەوەی هەبوو دەبینین و زۆر لە دەوڵەتە “خرت و عالۆرییەکان” وەکو خۆیان نامێننەوە، سکێچی ئەو نەخشەیەش دەرکەوتووە. بۆیە بەرلەوەی خەڵکانێکی نەشارەزا و بێ ئەزموون لە گەمەکان ئایندەیەک بۆ هەرێمی کوردستان وێنا بکەن، کە لەگەڵ پێشهات و ئەگەرەکان تەواو جودایە، بۆ لە خۆیان ناپرسن یا خەڵکی بۆ لێیان ناپرسێ: ئەوان، رۆژانێک بە چەند کلاشینکۆفێکی مەخزەن پلاستیک و چەند مەنجەڵێکی رەش هەڵگەڕاوی قۆپاو و بوتڵێک عەرەقی قاچاغەوە، ( قەندیل بەغدا دەهەژێن)تان بە گوێچکەی خەڵکیدا دەدا، خێرە ماوەیێکە، وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان، بە دەستوور هەرێمێکی دانپێدانراوە، خاوەنی دامەزراوی فەرمیی و هێزی پێشمەرگە و ناوخۆی خۆیەتی، هەروا بێتەوە بوونی هەیە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانیدا، کە لە گەمەکاندا سەنگی زیاتری پێدەدات، بەڵام کارو کرداریان بووەتە بێ بەهاکردنی خوێنی شەهیدان و چڕکردنەوەی گشت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی مووچە و رێککەوتن لەگەڵ بەغدایێ. ئەگەر لە خستنەڕووی ئەو رەشبینییەدا، ئەوان مەبەستیان چارەنووسی حزبەکەیان بێت، لەوەیاندا ناحەقیان ناگرم، چونکە ئەو هەوڵ و هەواڵانەی دەگەن، دەریدەخەن خەریکە لەسایەی فابریکەی کودەتاچیانەوە دەبێتە مەیدانی تەڕاتێنێی سوارە ناسوارچاکەکان بۆ رووتانەوەی خەڵکی و پڕکردنی گیرفانەکان، وەکی دی هەرێمی کوردستان لە شۆکی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەئاگاهاتۆتەوە، ئایندە گەشە، ئاسۆ روونە و کاروانی دیپلۆماسی و ئاوەدانی بەردەوامە.