په‌رله‌مانی كوردستان لێژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی و یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێكهێنا

دوای ئه‌وه‌ی  ئه‌مرۆ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و  خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ چوار ماده‌ له‌پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران كرا، له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كان د.كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌له‌لایه‌ن دوو ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی پار‌تی و ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌ره‌شه‌ی كوشتنى لێكراوه‌.

 

پاشان له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و لوقمان وه‌ردى جێگرى سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی، به‌توندى قسه‌كانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ره‌تكرایه‌وه‌و به‌بوختان و بێ بنه‌ماو تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن به‌فراكسیۆنه‌كانیان و ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كانیان له‌قه‌ڵه‌مداو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و به‌پێی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان داواى پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان كرد بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان.

هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ى حه‌فت كه‌سیی له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان پێكهێناو سه‌رۆكی په‌رله‌مان ناوى سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كه‌بریتی بوون له‌ (د.ئیسماعیل عه‌لى ته‌ها سگیرى سه‌رۆكی لیژنه‌، بژار كۆچه‌ر، لوقمان محه‌مه‌د، رۆمیۆ هه‌كارى، رزگار محه‌مه‌د، رووپاك ئه‌حمه‌د ره‌حمان و هیمداد سه‌باح بلال، ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌)ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی 79 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواشی له‌سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ى نوێ كرد كه‌كات و شوێن و چۆنیه‌تیی رووداوه‌كه‌ به‌نوسراو ئاراسته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی لیژنه‌ى لێكۆڵنه‌وه‌كه‌ بكات.

 

Back to top button