كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مستەفا كازمی دەستی پێكرد
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەكە لەسەر داوای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە و باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا دەكەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەردوو جێگرەكەی دەستی پێكرد، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی نێچیرڤان بارزانی پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە، ماوەیەك لەمەوبەریش وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و “كەسێكی بە ئەزموونیشە”، بۆیە باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا دەكەن.
هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەلا تەڵاڵ روونیكردەوە، بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی چڕ دەكرێت سەبارەت بە هەموو پرسەكان، هەروەك چۆن لەگەڵ سهرۆك مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت تاوتوێمان كردن.
رۆژی پێنجشەممە مستەفا كازمی لەگەڵ هەریەكە لە سهرۆك بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و پێكەوە لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەیان كرد.