سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه

لە یادی 59یەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، باشترین وانەی شۆڕشی ئەیلوول کۆبوونەوەمان بوو لەژێر یەک چەتردا.

دەقی په‌یامی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا:

ئه‌مڕۆ به‌ شكۆوه‌ یادی په‌نجا و نۆ ساڵه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژگارێكی سه‌خت و دژواردا و بۆ به‌رگری له‌ مان و مافی گه‌لی كوردستان به‌ ڕابه‌‌رایه‌تیی مسته‌فا بارزانیی نه‌مر و به‌ پشتیوانیی تێكۆشه‌ره‌ پێشه‌نگ و خه‌باتكاره‌كانی گه‌له‌ دلێره‌كه‌مان، هه‌ڵگیرسا.

شۆڕشی ئه‌یلوول ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ور و سته‌م و واقیعه‌ تاڵه‌ بوو كه‌ به‌ سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا سه‌پێندرابوو، هه‌ر بۆیه‌ش تێكڕای ڕۆڵه‌كانی گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا و چین و توێژ و ناوچه‌ جیاجیاكانیانه‌وه‌، له‌ژێر ئاڵای شۆڕشدا كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو تواناكانیان یه‌كخست و نه‌سره‌وتن تا به‌ ئامانج گه‌یشتن و له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئازاردا سه‌ره‌تای مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی کودستانیان به‌ده‌ستهێنا و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ بناغه‌ی به‌دیهاتنی ده‌سكه‌وته‌كانی دواتر.

باشترین وانه‌ و په‌ند كه‌ له‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ی وه‌ربگرین، جگه‌ له‌ كۆڵنه‌دان و خۆڕاگری و به‌گژاچوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌كان، ته‌بايى و يه‌كڕيزى و كۆبوونه‌وه‌مانه‌ له‌ژێر یه‌ك چه‌تر و له‌پێناوی یه‌ك ئامانجدا وه‌ك تاكه‌ ڕێگه‌ی گه‌یشتن‌ به‌ ئاوات و ئامانجه‌ ڕه‌واكانمان.

له‌ یادی ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌دا كه‌ بووه‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌خشه‌ڕێی تێكۆشان بۆ نه‌وه‌كانی دواتر، سڵاو و درود بۆ شه‌هیدان و گیانفیدایانی شۆڕش و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ پێشه‌نگانه‌ی‌ له‌و ڕۆژگاره‌ ناله‌باره‌دا ڕێگای خه‌باتیان نیشانی گه‌له‌كه‌مان دا و تۆوی ئومێدیان چاند و له‌و پێناوه‌دا ژیان و گیانی خۆیان به‌خت كرد.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

11/9/2020

Back to top button