گوتەبێژی میلیشیایی حشدی شەعبی روونكردنەوە لەسەر بۆردوومانی هێزەكانی پێشمەرگە دەدات لەشنگال
خواكوڕك
ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژی فەرمی میلیشیای حشدی شەعبی ئەمرۆ هەینی 27ی 1ی 2017 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند،پێشمەرگە بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق، برا و هاوبەشی بنەڕەتی ئێمەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش. هەروەها چەندین خاڵی هاوبەش و نزیك و هەماهەنگییەكی زۆر لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە هەیە لە ناوچەكە”.
هەروەها گوتەبێژی میلیشیای حشدی شەعبی گوتیشی”هەر لە ناوچەكە لیژنەیەكی باڵا و تایبەتمان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی رووداوەكە و رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە هەڵانە كە خزمەت بە رەوشی ئێستا ناكات.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە ” لیژنەیەکى دوولایەنە لە نێوان ملیشیایی حەشدى شەعبی و پێشمەرگە دروستکراوە، لە داهاتوودا لولەى چەکەکانى هەردوولامان تەنها لەسەر سنگى داعش دەبێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر حەیدەر شەشۆ بەخواكوڕكی راگەیاندبوو كە میلیشیای حشدی شەعبی بۆ چەندین جارە بۆردوومانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، ئەمەشیان بە فەرمی بەبەغدا راگەیاندووە بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە، هەروەها شەشۆ ئەوەشی گوت، تاوەكو ئێستا فەرمانی وەڵامدانەوەمان پێنەكراوە، بەڵام لەهەركاتێك فەرمانمان پێكرا ئەوە نەك بۆردوومانكردنیان بەڵكو رێگا نادەین لەو ناوچانەش دا بمێنن