بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ژمارەیەك لە خێزانە ئاوارەكان قەرەبوو دەکرێنەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەرەبووكردنەوەی ئەو خێزانە كوردانەی دا کە لە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران و توركیا بوون و ئێستە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەلی تەتەر ئاشکرای کرد “هەریەک لەو خێزانانە 25 ملیۆن دیناری پێدەدرێت لەگەڵ پارچەیەک زەوی، بۆ ئەوەی ئەو چیدی لەژێر خێوەتدا نەژین و خانوو بۆخۆیان دروست بکەن”.
پارێزگاری دهۆک دەڵێ “ئەو خەڵکە کەسانی کوردپەروەر، تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە بوون، هەموو ژیانیان لە ئاوارەیی و پێشمەرگایەتی بەسەر بردووە، بەڵام کێشەکانیان وەکو خەڵکی دیکە بۆ چارەسەرنەکراوبوو بەهۆی قەیرانی دارایی”.
پارێزگاری دهۆك گوتی، ئەو خێزانانەی لەو كەمپەن ژمارەیان 89 خێزانە و ماوەی چەند ساڵێکە لە توركیا و ئێران گەڕاونەتەوە.
بەهۆی بەردەوامیی ستەم لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق لە ڕابردوو چەندان خێزانی كورد ئاوارەی شارەكان و ولاتانی تر بوون و تا ئێستە ژمارەیەك لەو خێزانانە نەگەڕاونەتەوە.