ئەحمەد سەفار: مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دابینکراوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی عیراق ئاشکرای دەکات، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020دا، كە بەمنزیكانە دەنگی لەسەر دەدرێت، موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران دابینكراوە.
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە سەرەتای مانگی داهاتوو دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 دەدرێت و لەماوەی هەفتەیەك یاخود 10 رۆژی دیكەدا پرۆژە یاساكە دەگاتە پەرلەمان، بە كۆدەنگیی فراكسیۆنەكانیش بەبێ دواخستن دەنگی لەسەردەدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆژە یاسای 2020 مووچەی سێ مانگی داهاتوی فەرمانبەرانی تێدا مسۆگەركراوە، چونكە هیچ مەترسییەك نییە لەسەر كورتهێنان و قەیرانی دابەشكردنی مووچە.
سەبارەت بە داواكاریەكان بۆ نوێكردنەوەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ دابینكردنی مووچەش، ئەحمەد سەفار رونیكردوەتەوە، بودجە، قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لەخۆدەگرێت، لە دەرەوەی یاساكەش هیچ قەرزێكی دیكە ناكرێت.