وەزیری تەندروستی ئاماری نوێی کۆرۆنای ڕاگەیاند
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لە ماوە 24 کاتژمێری ڕابردوو ، ڕێژەی تووشبووان و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە چ ئاستێک .
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند : “لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 5 ھەزار و 311 پشكنینی تاقیگەیی كراوە، لەو ژمارەیە 573 حاڵەتی نوێ تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون”
راشیگەیاند هەر لەو ماوەشدا : 274 تووشبووی دیكەی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە”.
سەبارەت بە ئاماری گشتی مردووانیش بەو پەتایە لە هەرێمی کوردستان وەزیری تەندروستی ئاشكراشی كرد: “تائێستا ھەزار و 340 كەس لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە”.
وەزیری تەندروستی جیا لە ئاماری ناو نەخۆشخانەکان ، باس لەو کەسانەش دەکات لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و گوتی : “ئێستا 12 ھەزار و 116 تووشبوو لە نەخۆشخانە و ماڵەكانیان چارەسەری كۆرۆنا وەردەگرن”.