ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ چوارچێوه‌ی رێككاره‌كانی چاكسازی لێژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ بڕینی فره‌ مووچه‌ی

دوای ئه‌وه‌ی قۆناغی دووه‌می سیسته‌می بایۆمه‌تری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران ده‌ڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەنگاوی باشیشی ناوە و ئێستا لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتری و بەپێی یاسای چاکسازی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە مووچەدا پێک هێنراوە و دەستبەکار بووە و، ئیتر نابێت ھیچ کەسێک جگە لە ھەندێک توێژ لە یەک مووچە زیاتر لە بودجەی گشتی سوودمەند بێت.


د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاندووه‌، “لیژنەیەک پێک ھاتووە بۆ نەھێشتنی فرەمووچەیی لە ھەرێمی کوردستان و نابێت جگە لە چەند توێژێک، ھیچ کەسی دیکە لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی سوودمەند بێت و لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بە بڕیاری ژمارە 65ی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بایۆمەتری لەبارەی میلاکاتی گشتی و سیستەمی مووچە، ئەمەش یەکێکە لەو کارانەی بەپێی یاسای چاکسازی نابێت ھیچ کەسێک یەک جار زیاتر لە بودجەی گشتی سوودمەند بێت، جگە لەوانەی بەپێی ماددەی 3ی بڕگەی دوو ھەریەکە لە کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفالکراوان و سوومەندبووانن بەپێی یاسای ژمارە 9ی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان و، جگە لەم حاڵەتانە ئەوانەی دیکە نابێت لە یەک جار زیاتر سوودمەند بن.”

سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: “ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام درا لە نێوان فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و تەکنەلۆژیای زانیاری و بە یەکەوە کار دەکەن بۆ شێوازی پێداچوونە بە سوودمەندبوونی زیاتر لە جارێک لە مووچە.”

د. عەبدولحەکیم خەسرۆ  ئاشكراشی كردووه‌: “لە 1-7ی ئەمساڵەوە دەستیان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردووە و ھەنگاوی باشیان ناوە و بەردەوامیش دەبن تاوەکو یاساکە بە تەواوی لە ھەموو بوارەکاندا جێبەجێ دەکرێت.”

Back to top button