هاتوچۆی هەولێر هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیانە ئاگادار دەکەنەوە کە ماتۆڕسکیلی تۆمارنەکراوی بێ تابلۆیان هەیە و لەکاتی بەکارهێنانی شەقامەکاندا بەردەوام سەرپێچی دەکەن و پابەندی رێنماییەکان نابن، ماتۆڕسکیلەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمرۆ لەهەڵمەتێکدا کەلەلایەن کەرتی هاتوچۆی ناحیەی بەحرکە ئەنجامدراوە لەماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر دەیان ماتۆرسکیلی بێ تابلۆ و بێ سەرەتادا گیراوە کەخاوەنەکانیان مۆڵەتی شوفێریان نەبوە و ماتۆرسکیلەکانیش خاوەنەکانیان (سوری، لوبنانی، میسری و هاوڵاتیانی عەرەبی دانیشتوی شارەکانی ناوەراست و خواروی عیراق) بون.
ئەوەش هاتووە، ئەو هاوڵاتیانە کەلەپرۆژەی گوندی لوبنانی کاریان دەکرد رۆژانە ئەو بەماتۆرسکیلەکانیان لەکاتی چون وهاتنیان، بەدەیان سەرپێچیان ئەنجام دەدا و پابەندی یاساکان نەدەبون، جگەلەوەش بونەتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی روداوی هاتوچۆ لەو شەقامە و چەندین جاریش ئاگادارکرابونەوە بەڵام هەر بەردەوام بون لە سەرپێچییەکانیان، دوای هەڵمەتەکەش سەرجەم ماتۆرسکیلەکان رەوانەی گەراجی دەست بەسەر داگرتنی هاتوچۆی هەولێر کران.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕو، سەرەڕای ئەرکی خۆیان وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاگادار دەکەنەوە کە ئەوان، ئاگادارن کەپرۆژەیەک لەپایتەخت جێبەجێ دەکرێت و قەدەغەیە کرێکاری کورد کاری تێدا بکات ؟!، چونکە ئێمە لەناو هەمو کرێکارەکان گەراین بۆ دۆزینەوەی گەنجێکی کورد بەڵام نەماندۆزییەوە.