بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر : ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز دەگوازرێنەوە و رەوشی ئاو ئاسایی دەبێتەوە

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ئاشكرای دەكات، بەھۆی گواستنەوەی بۆری ئیفراز 3، ئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی ھەولێر گیرابوویه‌وه‌.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووه‌: بە ھۆی دروستكردنی ئۆتۆبانی ھەولێر- دھۆك، بڕیار بوو ھەرسێ بۆریی ئاوی ئیفراز بگوازرێنەوە، بەڵام لە كاتی كاركردن بۆ گواستنەوەیان، بۆریی ئیفراز سێ شكاوە و ئەم بەیانییەش دوو تیم كەوتوونەتە كاركردن بۆ ئەوەی ھەم ھێڵەكە چاك بكرێتەوە و ھەمیش بگوازرێنەوە.

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر دەشڵێت: بە ھۆی شكان و گواستنەوەی ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز، ١٣ گەڕەك و چەندین ناوچەی ھەولێر و كەسنەزان ئاویان بەسەردا دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر دەكەین لە شەقامی شۆڕش تا شەقامی كەركووك، دەست بە ئاوەوە بگرن.

بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێ لە رۆژێكدا 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەكات كە دەكاتە لە 40٪ی شاری هەولێر. هەروەها لە هەولێر هەزار و 160 بیری ئاو هەن، 90 لەو بیرانە كارەبای موەلیدەیان بۆ دابینكراوە و 300 بیریش دوو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، زیاتر لە 700 بیریش یەك هێڵی كارەبایان هەیە كە ئاوی سەرجەم هەولێری پێ‌ دابین دەكرێت.

Back to top button