سەرۆکی حکومەت : سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێم بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەرێوەچوو ، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند “هیوادارین گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بە کردەیی بگەنە ئەنجام
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/16 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولاوە رایگەیاند، ئەو سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، “هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت”.
لەبارەی کێشەکانی هەردوولاشەوە مەسرور بارزانی ئئاماژەی بەوە دا، کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی دیکە هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەن.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرکۆوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە رێککەوتنی درێژخایەنیان لێ بەرهەم بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پوختەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدرالیی حێراقیان بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو کە لە رۆژی 14ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کراو بۆ پەرلەمانی عێراق نێردرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە بنەماکانی ستراتیژی گشتیی بودجەی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تاوەکو 2023 کرا و ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد کە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی و ئابووری بکەن.