وادەی دابەشكردنی خانووە كوریەكان دیار نیە، خانوەكانیش دەستاودەستی پێدەكرێت

خواكوڕك
 
پرۆژەی گوندی كوری كە خۆی لە (5000) خانوو دەبینێتەوە، وادەی دابەشكردنەكەی تەواو بووە بەڵام تاوەكو ئێستا دابەش نەكراوە، تاهیر عەبدولڵا جێگری پاریزگاری هەولێریش دەلێت، لە ئێستا ناتوانن وادەیەک بۆ دابەشکردنیی ئەو خانووانە دیاریی بکەن، چونکە کاری کۆمپانیاکە بەهۆی نەبوونی پارە راگیراوە”.
 
لە راپۆرتێكی دا رۆژنامەی باس بڵاوی كردەوە كە خانوو هەیە لە گوندی کۆریی کرێچییەکان لە هەولێر چەند جارێک فرۆشراوەتەوە، ئێستا یەکەکە چەند خاوەنێکیی هەیە و لە کاتی دابەشکردنی ئاشکرا دەبێت، جێگریی پاریزگاری هەولێریش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەوان بەرپرسیاریەتی فرۆشتنەوەیان لە ئەستۆ ناگرن، چونکە ئەو کەسانەی کە لە کرێچییەکانیان کریووەتەوە دەزانن کڕینەوەیان نایاساییە و هەر لەسەر ناوی کەسیی یەکەم دەمێنێتەوە.
 
 
پێش قەیرانیی دارایی 5000 خانوو، بەناوی گووندی کۆری لە شاری هەولێر بە شێوەی تیروپشک بەسەر پێنج هەزار کرێچی دابەشکرا، کە پێشەکی 7000 دۆلاریان داوە و وابڕیاریش بوو دوای رادەستکردنیشان بڕیی 12750 دۆلاری دیکە بدەن بە خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی کە دروستیان دەکات، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری دارایی خۆی بداتە ئەو کۆمپانیایە بۆ تەواوکردنیان، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی هاوکاری تەواوکردنی ئەو خانووانە بدات و لە ئێستا ژمارەیەک خانوو تەواوکراون و کاریی پڕۆژەکەش بۆ تەواوکردنی هەموو یەکەکان و شەقام و خزمەتگوزاریەکان راگیراوە، کە بەپێی بە دواداچوونی ئەم رۆژنامەیە بۆ تەواوکردنیان کۆمپانیاکە پێویستی بە 165 ملیۆن دۆلارە و نرخی هەر خانوویەکیش بۆ کرێنشینان 39500 دۆلار دیاری کراوە.
 
 
لای خۆیەوە ماجد عوسمان تۆفیق پەرلەمانتار لە لیژنەیی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە بەدواداچوونیان لەسەر تەواوکردنی ئەو یەکانە کردوە و وابڕیار بووە کۆمپانیاکە پاڵپشتی حکومەت بۆ تەواوکردنیان وەربگرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو پارەیە بدرێت و ئەوەش هۆکاریی تەواونەبوونی ئەو خانووانەیە، گووتیشی ”کۆمپانیاکە خەڵکی ناسراوی بێ کێشەیە و ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە وابڕیاربووە حکومەت بیدات وەریبگرتایە ئیستا خانووەکان هەموویی تەواو دەبوون و بەسەر کرێچییەکان دابەش دەکران“.
 
هەروەها ئەوەشی گوتووە، ئاگەداری ئەو کڕین و فرۆشتنە نایاساییانەن کە بەو خانووانەوە کراوە و بەپێی مەرجی دابەشکردنەکە بەرپرسیاریەتی ئەو چەند جار فرۆشتنەوە و ئەو فرۆشتنانەی کە پێیانەوە کراوە ناکەوێتە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەنددارەکان، بەڵکو کەسەکان خۆیان بەرپرسن لە پێدانی ئەو پارەیە بە خاوەنیی خانووەکان، ئەو پەرلەمانتارە، گووتی ”ئەو خانووانە ئەگەر بشفرۆشرێت هەر لەسەر ناوی کرێنشینەکە دەمێنێت، ئەویش خۆی و ویژدانی دەتوانێت بە ساختە بە چەند کەسێک بیفرۆشیت“
 
هاوکات تاهیر عەبدوڵا دەشلێت ”بەردەوام دەمانەێ چارەسەرێکیان بۆ بدۆزینەوە و لە گفتووگۆداین تا بتوانرێ کاری پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەرنامەیەکی وەها هەیە کە پێشنیاز بکرێ لە خاوەنەکانیان کە قستی دووەم بدەن تاوەکو بتوانرێ خانووەکانیان بۆ تەواو بکرێت و پێیان بدرێت“.
Back to top button