سووتاندی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە لە پێناو پرۆژەیەکدا ئەنجام دراوە
وەزارەتی کشت و کاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای دەکات ئەو وەزارەتە بە دواداچوونی وردی کردووە بۆ سووتاندنی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە و ئاماژە بەوە دەکات _ پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە
لەچەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆی سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە بڵاو كرایەوە، لەسەر راسپاردەی بەرێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەدواداچوونی ورد كرا لەسەر ئەم بابەتە و لێرەدا دەمەوێت بیخەمەڕوو.
یەكەم_ پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.
دووەم_ ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.
سێ یەم_ لەئێستادا ئەم دار سنەوبەرانە( ئەم ناوچەیە) كەوتۆتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و راپەڕین.
چوارەم_لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریاریکردنی هۆکارەکان و گرتنە بەری رێککاری پێویست.
پێنجەم_ وەزارەتمان پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەکان لە سوتان و لەناو چوون بپارێزرێن.
وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاسی هەوڵ و ماندوونی خەمخۆران و چالاكانی ژینگە دەكەین كە لەرێگەی خۆیان هەوڵ بۆ پاراستنی ئەم درەختانە و سەرجەم دارستانەكان دەدەن، پێویستە بكەرانی دەست نیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، ئێمەش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان.
حسێن حەمە كەریم
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو