سەرۆك بارزانی پەیامێك ئاراستەی یەكێتی زانایان دەكات
بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان سهرۆك بارزانی، له پهیامێكدا پیرۆزبایی له یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دهكات.
دهقى پهیامهكه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرزی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان چ لە ڕووی بڵاوكردنەوەی بیروڕای خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لە ناو خەڵكی كوردستاندا. جگە لەوانەش ڕۆڵی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری لە مێژووی میللەتەكەماندا بەرچاو و دیارە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیشیان داوە.
هەمیشە و لە گشت قۆناغ و تەحەددیاتەكاندا ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی كوردستان هەیە كە لە ڕۆڵی پیرۆزی خۆیان بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی مرۆڤسالاری و میانڕەوی و قووڵتركردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری بەردەوام بن.
لەم یادەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەخوازم لە ئەرك وكارەكانیاندا كە لە ژیان و چارەنووسی گەلەكەماندا ئەرك و كاری پیرۆز و كاریگەرن.
مسعود بارزانی
21ـی ئەیلوولی 2020