ئەمەریكا پشتگیریی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە
سهربهیانیى ئهمڕۆ سێشهممه 22/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پیشوازى له باڵیۆز جهمیس جیفرى، نوێنهرى تایبهتى ئهمهریكا بۆ سووریا و نێردهى تایبهتى هاوپهیمانیى نێودهوڵهتیى دژى داعش و شاندێكى یاوهرى كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری كاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سووریا، ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەڕەنگاربوونەوەی چالاكی و مەترسییەكانی تیرۆر لە سووریا و عێراق، دۆخی كورد و گفتوگۆی لایەنە كوردییەكان لە سووریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و یەكڕیزیی نێوانیان تاوتوێ كرا.
جێفری بەردەوامی پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە كورد و هاوبەشانیان بۆ بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی یەكجارەكیی داعش لە سووریا، هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان دەكات.
پشتگیری و خۆشحاڵیی ئەمەریكای بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكان لە سووریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان پێشان دا و ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەرێنیی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی كوردستان لەپێناو لێكنزیككردنەوەیان و هاندانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سوپاسی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی كرد بۆ هاوكاری و پشتگیریی بەردەوامیان و دووپاتی لە گرنگی و پێویستیی بەردەوامیی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و هاوبەشانیان لە ناوچەكە كردەوە تا دڵنیابوون لە لەناوچوونی یەكجارەكیی داعش.
پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی لە سووریا، هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕێكار و هەنگاوەكانی بەڕەنگاربوونەوەی، پێوەندییەكانی هەولێر – بەغدا، پرسی كورد له سووریا، هێزە بیانییەكان لە سووریا، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، هەوڵەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەكەوە بوو.