ئەمریکا: رێگە ناده‌ین ئێران بە موشەکە بالیستییەکانی جیهان بخاتە مەترسییەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە نادات ئێران بە بەکارهێنانی موشەکە بالیستییەکانی، جیهان بخاتە مەترسییەوە، دەشڵێت، ئەو سزایانەی کە بەسەر تاراندا سەپاندویانە 27 دامەزراوە و کەسایەتی ئێران دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 چەندین هەڵەی گەورەی تێدایە و ناتوانێت بە گوێرەی پێویست توانا ئەتۆمییەکانی ئێران سنوردار بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، ئێران لەئێستادا توانوییەتی توانا ئەتۆمییەکانی خۆی تا ئاستێکی مەترسیدار پەرەپێبدات، چەندین جار رێگری لە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان کردوە سەردانی پێگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی بکات.

ترەمپ باسی لەوەشکرد، رێگە نادات ئێران بە بەکارهێنانی موشەکە بالیستییەکانی جیهان بخاتە مەترسییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سزایان بەسەر 27 دامەزراوە و کەسایەتی ئێراندا سەپاندوە.

Back to top button