سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش دەكات
ڕۆژی سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەمیس جیفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كورتەیەكی لەبارەی ستراتیژی و ڕوانگەی وڵاتەكەی لەمەڕ دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و هەولێر و بەغدا و هەروەها پرسە هەنووكەییەكان و هاوكێشەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و باسی ئەو هەوڵانە كرا كە بۆ دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا ئەنجام دراون. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە مانەوەی هەڕەشەی داعش، جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی هەردوولا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق كرایەوە.
پرسی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.