عێراق هێز بە کار بێنێت ، کوردیش هێز بە کار دێنێت لە ناوچە کوردستانییەکان

 

کرمانج عەبدوڵڵا،  بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان  لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات ئەگەر حکومەتی عێراق بە بەکار هێنانی هێز هاوکاری عەرەبە هاوردەکان بکات بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، ئەوا ئێمەش بە هێز ڕێگری لەو داگیرکارییە دەکەیین .

کرمانج عەبدوڵڵا لەو لێدوانەیدا ئاماژە بەوە دەکات لە سەرگەڕان  بەردەوام عەرەبی ھاوردە بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دێنە سەر گوندە کوردییەکان و دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن. دەشڵێ، حکوومەتی هەرێم ھاتووەتە سەر هێڵ و دوێنێ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش کراوە و پێویستە ئەم کشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت

هاوکات وتیشی “عەرەبی ھاوردە لە ماوەی چەند رۆژێکدا ئەوە چەندین جارە دێنە سەر گوندە کوردییەکان و نووسراوی پارێزگاریان پێیە و بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن و بەسەر خۆیاندا دابەشی بکەن، ئێمەش دوێنێ ئاگادارمان کردنەوە ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لەو کارە و ھێز بەکار بێنن، ئێمەش ئەو کارە دەکەین، بۆیە ھەر زوو کشانەوە، بەڵام پێویستە ئەم کێشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەردەوام بێت، باشترین چارەسەریش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە”.

جێگەی ئاماژە هەر لەوبارەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە پەیامێکدا حکومەتی عێراقی ئاگادار کردەوە دەست لەو داگیرکارییە هەڵگرن دەنا چیتر جێگەی قەبوڵ کردن نییە

Back to top button