سەركردەیەكی سۆسیالیست بۆ ئارێز عهبدوڵڵا : شانازییە لەسەر مافی میللەتەكەمان دادگایی بكرێین نەك لەسەر خیانەتی فرۆشتنی كەركووك
سەركردەیەكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە توندی وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دایەوە و جەختی كردەوە كە بەهۆی ئەوەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧یان ئەنجام داوە، ئارێز عەبدوڵا و گرووپەكەی ڕوویان نییە ”سەر بەرز بكەنەوە“.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كە پاش شكستهێنانی لە هەموو باڵ و گرووپەكانی نێو یەكێتی، ئێستا بەبێ ئەوەی حیسابێكیش بۆ قسەكانی بكرێت، هەوڵی ڕازیكردنی دڵی تاقمی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتی دەدات، لە دوایین چاوپێكەوتنیدا تۆمەتێكی زۆری ئاراستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كردووە لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.
لە بەرامبەردا شاڵاو عومهر، ئهندامی سهركردایهتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: میللهتی كورد هیچی لە میللەتانی دونیا كەمتر نییه تاوەكوو مافی ئەوەی نەبێت ریفراندۆم بۆ سهربهخۆیی خۆی بكات، له دینیشدا ئهگهر ئهوان دهوڵهتیان بۆ خۆیان پێ خۆش بێت، بۆچی بۆ گهلی كورد پێیان خۆش نەبێت؟“.
ئاماژەشی بەوە كرد: بۆ قسەكانی ئارێز عەبدوڵا كە داوای دادگاییكردنی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم دەكات، با بزانێت كە ئێمه به شانازییهوه ئهگهر داوای دادگاییكردنمان لێ بكرێت، ئەوا لەسەر مافی میللەتەكەی خۆمانە و خاوهنی هەڵوێستی خۆمانین و لێی پەشیمان نین، بەڵام پرسیار لە ئارێز عەبدوڵا دەكەم كە دەڵێت خۆی دەنگی داوە و سەرانی حزبەكەشیمان بینی لە شاشەكان ڕۆژی ڕیفراندۆم دەنگیان دەدا، بۆچی ئێستا پەشیمان بوونەتەوە؟“.
سەركردەكەی سۆسیالیست نموونە بە قسەیەكی محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبەكەی دێنێتەوە كە دەڵێت، له ریفراندۆمدا ههڵهمان ئهوه بوو كە دەبوایە زووتر بیكەین، له كاتی شەڕی داعش دهبوایە ریفراندۆممان بكردایە.