هەڵەیەکی زەقی مێژوو .. دوو باسک نییە

لەگوندەکەماندا، لە ناوەڕاستی شەستەکان، کە ئەوکات وامدەزانی لە هەموو دنیا گەورەتر و خۆشترە، خەڵکەکەی لە شین و شایدا دەستەوا بوون، نەخاسمە گردێکی گەورەشی هەبوو، لە گردی گوندەکانی دەوروبەر گەورەتر بوو، چەند کەسێکی گوندیش پێشمەرگە بوون، کە خزمەکانی خۆشمی تێدا بوو، بەڵام لەو گوندەی ئێمە، کە لەبەرچاوی منداڵێکدا لە هەموو دنیا وێنەی نەبوو، دەور سوڕا چەکداری دیکەی جودا لە پێشمەرگەشی لێ پەیدا بوو، هەیانبوو ئاستی خوێندەواریشی باش بوو، لەگەڵیدا گەمەی ئێمەی منداڵیش جۆرێک لە گۆڕانکاری بەسەردا هات، لەپاڵ چاوشاركی، غارغارێن، کەوتنە دوو تایەی پایسکیل و پەلیکانێ، دەبووینە دوو گرووپی چەکدار( پێشمەرگە و جاش) لەنێوانماندا خەتمان دەکێشا و سەنگەرمان لێکدی دەگرت، بۆئەوەی سەنگەر لێکدی گرتنەکەمان تۆزێک لە راستییەوە نزیک بێت تفەنگەکانی دەستمان لە دار و بۆڕی دروست دەکرد، بەندۆخینیش خەریتەمان بوو. حەتمەن لە دەمی کەسانی لەخۆمان بە تەمەنتر و بەئاگادارتر لە رووداوەکانمان هەڵگرتبۆوە. واتە ئەم دوو وشەیە، کە ئێمەی منداڵ فێری ببووین، بەشێک بووە لە تێگەیشتنی تەواوی خەڵکی سادە، کە لەدیدی من ئەوە مێژووی راستەقینەیە، نەک ئەوەی خەڵکی دی دەینووسێتەوە. بەپێی ئەو تێگەیشتنەی خەڵکی هەرگیز رەوا نییە، ئەو دوو هێزە، کە یەکیان لەزهن و چاوی خەڵکی پێشمەرگە بوو، ئەویدیش جاش بوو، بەهەردوو باسکەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوببرێت. ئەمە هەڵەیەکی زەقی مێژووە، چەواشەکاری و غەدر کردنە لە مێژوو. چونکە لە کورترین وەڵامدا: هێزێکی کورد خۆی رادەستی هێزێک بکات، کە بڕیاری سڕینەوە و تواندنەوەی تۆی وەک نەتەوەیەک دابێت، هاوشانی ئەو هێزە غەیرە کوردییە راوە پێشمەرگە بکات، ماڵی داگیر بکات، کە بەرگری لە بوون و مانەوەی گەل دەکات، هەرگیز (باسک) نییە، بەلکو چەکێکی دەستی بێگانەیە بۆ شکاندنی باسکی تۆ. بەدیوێکی دی هەر هێزێکی کوردی، کە خۆی رادەستی هێزی هێرشبەری سەر نیشتمان لە دژی پێشمەرگە بکات، سەربەخۆیی لە بڕیاردان لەدەست دەدات، تەنها ئەو فەرمانە جێبەجێ دەکات، کە هێزی خانە خوێ فەرمانی پێدەکات. بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، جوداییەکی گەورە لە نێوان خۆرادەستکردن بە هێزی بێگانە و بەکارهێنانی هێزی بێگانە هەیە، بەتایبەتی کە لە خاڵێکدا بەرژەوەندییە جوداکانیان بەیەک دەگەن.
Back to top button