دوای پەیامەكەی مەسرور بارزانی بزانە حكومەتی عێراق بریاری چی دا
حكومەتی عێراق دوای پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی جێبەجێكردن لە وەزارەتی دادی عێراق فەرمانێكی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی جێبەجێكردن لە چەند پارێزگایەك كردووە و تێیدا بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەیوەندیدار بە زەویوزاری جووتیارانی دەركردووە.
لە پەیامێكی دا كە رۆژی سێشەممە 22ی 9ی 2020 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند”بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە.
هەر لە پەیامەكەی دا سەرۆكی حكومەت دەلێت”ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دیاریکراوە“.