مه‌حمود محه‌مه‌د: ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەو كات بە دڵنیایەوە، پارتی كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو پارتی و یه‌كێتی له‌ سه‌ر ئاستی باڵا كۆبوونه‌وه‌، به‌مه‌ش تا ئاستێكی زۆر به‌سه‌ته‌له‌كی نێوان هه‌ردوو حزب توایه‌وه‌ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش ده‌لێێ: بزاوتێك بە مەبەستی كۆتایی هاتنی ساردیی نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكردووە و لە ئاستی مەكتەبی سیاسی، چەند كۆبوونەوەیەك كراوە، دواترینیان كۆبوونەوەی دوكان بوو.

مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی له‌و باریه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ لە دوای ئەو ساردییەی كە كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی، هەوڵەكانی تر كە لە ئارادابوون لە نێوانی هەردوولا یەكتربینن بوو، دواتر كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەكەش بەیانێكی فەرمی ڕاگەیێندرا، لە مەحزەری كۆبوونەوەكە، كە ئیمزا كرا، كۆمەڵێك خاڵمان جێگر كردووە، هەردوو لامان بەوە  قانع بووین كە بەیەكەوە كاركردن و لەگەڵ یەك بوون، هێز دەداتە پرۆسەی سیاسی كوردستانی لە بەغدا و لە جێگای تر، بۆیە دەبێت ئەو بۆچوونە جیاوازانەی كە هەمانە  لێك جیابكرێنەوە، لە كوێ هاوبەشین لە كوێش هاوبەش نین كار بكەین، لەسەر جیاوازییەكانیش گفتۆگۆی زیاتر بكەین. بە تەئكید ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جیاوازیەكەش ئەوەیە، ئێمە حزبێكین  ئەوانیش حزبێكی ترن، ئێمە ئەوە دەزانین، كە حزب دروست دەبن بۆ حكومڕانی كردن پێشبڕكێ دەكەن، بەڵام پێشبڕكێ كردنەكە دەبێت لەسەر بنەمای پرۆژەی ئابووری، سیاسی  و كۆمەڵایەتی باش بێت، كە چۆن خزمەتی ئەم وڵاتە دەكەین.

هه‌روه‌ها مه‌حمود محه‌مه‌د راشیگه‌یاندووه‌ كه‌: لەكۆبوونەوەی دوكان، كە هەردوولا لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتووین، بەشێك لەم خاڵانە جێ بەجێ كراوە، بەشێكی تریشی ماوەتەوە، لەوەی كە جێبەجێ كرا، یەكێك لەوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەیەكەوە دابنیشێت بەپێی ڕێكەوتنی سیاسی كە لە نێوان هەردوو لامان هەیە. خاڵێكی زۆر هەیە لە نێوانمان بەیەكەوە دابنیشین و بەرنامە دابنێین، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان هەردوولا زۆر نەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵ بدەن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بكەن، بۆ ئەوەی كە كارەكان بە باشتر بەڕێوە بچێن، ئەم كۆبوونەوەیە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی  وێنەیان لە كۆنووسی كۆبونەوەكە  ناردراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێكەوتووین.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتیشی: خاڵێكی تری كۆبونەوەی دوكان، كە بڕیاری لەسەر درابوو، ئەوەبوو كە دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولامان لە بارەی هەڵبژاردنی پێش وەختەو ئەو كێشەی لە یاسای هەڵبژاردن هەیە كۆبوونەوە بكەن. هەردوولا هەوڵ بدەن یەك هەڵوێست بن، لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستانیش هاوهەڵوێست بن، خۆشبەختانە ئەوەش جێ بەجێ كراو هەردوولا بە یەكەوە سەردانی بەغدایان كرد. خاڵێكی تر كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درا، ئەویش ئەو گرژییەی كە هەیە لە ڕاگەیاندن كۆتایی پێ بێنین یان كەمی بكەینەوە،  ئێستاش ئەمە كەم بۆتەوە،  بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی جەژنەوە ئاراستەی خەڵكی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی واز لە قسەی زبر بهێندرێ، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بەیانێكمان بڵاوكردەوە، كە كۆتایی بەو بابەتە دەهێنین. خاڵێك ماوەتەوە كە هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە چاوەڕوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین، باسیشمان لەگەڵ كردوون، لە چەند ڕۆژی پێشوو پەیوەندیان پێوە كراوە، چونكە زۆر شت هەیە، كە لە كۆبونەوەكەی دوكان جێبەجێ نەكراوە، كە پێویستە لەوێ بڕِیارەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی كە پێویستن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چاوەڕێی  ئەوەین كە یەكێتی بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە  وەڵاممان بداتەوە.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ هه‌رێمی كوردستان مەحمود محەمەد گوتی: سەردان و یەكتربینن و گفتۆگۆكردن، كارێكی زۆر باشە، بەشێكە لەخەبات، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێو لایەنەكان دروست بێت. سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستانیش خۆێندنەوەی بۆ كراوە، ئەو پێویستە ئەجنداێكی تایبەتی بۆ ئیدارەی ئەم وڵاتە هەبێت، چونكە خۆی ئەركێكی قورسی لەسەر شانە، ئەوەی ئێمە پێشبینمان لێكردووە لێی دەكەین، ئەو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق بێت، بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەك هی تائیفەیەكی تایبەت، چونكە پێشتر لە هەندێك لە سەرۆك وەزیرانەكان، ئەوە دەخوێندرایەوە، كە خۆیان بە سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق نەدەزانی، خۆیان بەسەرۆك وەزیرانی  بە هەموو پێكهاتە و ئاینەكان نەدەزانی، بەڵكو تەعبیریان لە بیروبۆچوونی لایەنێكی دیاری كراو دەكرد. ئومێد دەكەین مستەفا كازمی لەم بیرو بۆچوونە دوور بێت، چونكە لە بارو دۆخێكی زۆر هەستیار دا ئەم بەرپرسیارەتیەی وەرگرتووە،  بەرپرسیارەتی زۆر گرینكی دەخاتە سەرشان.

هه‌روه‌ها مه‌حمود محه‌مه‌د گوتیشی: لەبارەی عێراق و دراوسێكانی و پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان. چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم هەموو گیروگرفتەی كە هەیە لە دەروازە سنورییەكان كە لە دەست هەندێك چەكداری لایەنەكان دا هەبوو، هەروەها دۆخی ئەمنی ناوچەكان، لە چوارچێوەی دەستوور، كە عێراقیەكان دەنگیان بۆ داوە، دەتوانن زۆر لە كێشەكان چارەسەر بكەن، لەوانەش كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چەندین ساڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، وەكو هەندێك لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو ئینتیقائی ماددەكانی هەڵنەبژیردرێت، پێشبینی دەكەین ئارامی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە. لە وڵاتێكی سامانداری وەك عێراق، خەڵكی هەژار لە هەندێك لە شارەكانی عێراق گەیشتۆتە زیاتر 50%،  كە كارەساتە، ئەمەش ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە. بۆیە دەبێت مستەفا كازمی، ئەمە بزانێت، دەبێت دەست بە چارەسەركردنی كێشەكان بكات.

 

له‌ باره‌ی كۆنگره‌ی پارتی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی گوتیشی: كۆنگرەی داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی لێوە كراوە، بڕیاریشی لەسەر دراوە، چونكە كاتی هاتووە، ئێمە دواكەوتووین لە كۆنگرە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و سەربازی تەحكومی كردووە، كە نەتوانراوە كۆنگرەكە ئەنجام بدەین. ئەگەر پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەبایە، ئێستا كۆنگرە كۆتاییشی پێهاتبوو، لەم دۆخەدا بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە، بەڵام ئێستاش ئەو لێژنەی كە دامەزراوە بۆ دراسەكردنی كۆنگرە، ئەو بابەتانەی چ لە پەیڕەو پرۆگرام، دراسەی ئەو بابەتانە دەكرێت، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەو كات بە دڵنیایەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات.

هه‌روه‌ها مەحموود محەمەد گوتیشی:  پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەر كۆنگرەیەك هەندێك گۆڕانكاری دەكات، لە دوای كۆنگرەش بە هەمان شێوە گۆڕانكاری دەكات، بە بەردەوامیش لەگەڵ پێویستی شوێنی جوگرافیای لقەكان و ناوچەكان گۆڕانكاریی كردووە، ئەو بەرنامەیە هەبووە، كەی پێویست بێت گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت.

Back to top button