ئه‌حمه‌د سه‌فار: له‌ عێراق هه‌موو منداڵه‌كان به‌ قه‌رزداری له‌دایك ده‌بن

دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بوونی گه‌نده‌ڵی زۆر له‌ ئیداره‌دانی وڵات و بردنی پاره‌ی عێراق له‌ لایه‌ن میلیشا عێراقیه‌كانی نزیك له‌ ئێران وای كردووه‌ بڕێكی زۆری قه‌رز بكه‌وێـته‌وه‌ سه‌ر هاوڵاتیانی عێراق به‌ جۆرێك په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایده‌گه‌یێنێت هه‌ر منداڵێكی عێراق كه‌ له‌ دایك ده‌بێت نزیكه‌ی سێ هه‌زار دۆلار قه‌رزداره‌.

ئەحمەد سەفار په‌رله‌مانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوه‌، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و دەرچوون لەژێر ئەو بارە پێویستی بە کاتێکی زۆر دەبێ، به‌ جۆرێك 23 ملیار دۆلاری دەرەکی قەرزدارە، قەرەزە کەڵەکەبووەکانی بەر لە ساڵی 2003ـیش نزیکەی 41 ملیار دۆلارن و قەرزە نێوخۆییەکانیشی گەیشتوونەتە 40 تریلیۆن دۆلار.

هه‌روه‌ها بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق راشیگه‌یاندووه‌، “ئەگەر تێكڕای قه‌رزه‌كان بەسەر ژمارەی دانیشتووانی عێراقدا، دابه‌ش بكه‌ین ئه‌وا هەر تاکێک زیاتر لە 3 هەزار دۆلار قەرزار دەبێت و هەر منداڵێکیش کە لە دایک دەبێت نزیکەی 3 هەزار دۆلار قەرزار دەبێت.”

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە ش کرد، حکومەت لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چاکسازی پێکهێناوە و دەبێت ئەو چاکسازییەش بکات، چونکە حكومه‌ته‌کانی پێشووتری عیراق ئابووریی وڵاتیان لە ئابوورییەکی بەرهەمهێنەوە گۆڕیوە بۆ به‌كارهێن و  تاکە سەرچاوەی داهاتیش نه‌وته‌ و داهاتی نانه‌وتی ناگاته‌ 5٪.

Back to top button