سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی ئەڵمانیا كرد، دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەڕی دژی تیرۆر و ئەركی هێزە ئەڵمانییەكان لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممة 24ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كلێمنس سێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەڕی دژی تیررۆر و ئەركی هێزە ئەڵمانییەكان لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان تاوتوێ كرد، بیروڕایان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی داهاتووی عێراق و دوایین هەنگاوەكانی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گۆڕییەوە.
نێچێرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و هاوكارییەكانی ئەڵمانیای لە بواری سەربازی و مرۆییدا دووپات كردەوە. ئاماژەی بە گرنگی و كاریگەریی ئەو هاوكارییانە لە ڕۆژانی سەختی شەڕی داعشدا كرد، هەروەها تیشكی خستەسەر هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و پێشوازیكردنی لە ژمارەیەكی زۆری ڕزگاربووانی ئێزیدیی دەستی داعش بۆ وەرگرتنی چارەسەری لە ئەڵمانیا، هاوكات لەبارەی دۆخی عێراقیش، چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بە كلیلی سەقامگیریی عێراق لە قەڵەم دا.
كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتگیری و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، ستایشی هێزەكانی پێشمەرگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە شكاندنی داعش و حەواندنەوەی خەڵكی ئاوارە لە پێكهاتەكانی عێراق و پەنابەرانی سووریا كرد و خواستی وڵاتەكەی بۆ بردەوان بە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێشان دا.