سەرکردەیەکی عێراق:گەلی کورد مافی مێژوویی هەیە، مافی چارەی خۆنووسینیشی هەیە، ریفراندۆمیش دەریخست، کە گەلی کورد ژیان و ئازادیی دەوێت

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمی کوردستان کرایەوە سیاسەتمەدارێکی عێراقی و سەرۆکی حزبێکی سیاسی رایدەگەیێنێت کە ئەو ریفراندۆمەی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئازادیی بیروڕا و ئازادیی مرۆڤ بوو.

میسال ئالوسی سیاسەتمەداری گەورەی عێراق و سەرۆکی حزبی (ئەلئومە) رایگەیاندووە  هەرێمی کوردستان لە 25/ 9/ 2017، ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، کە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی ناسراو بە ناوچە کێشە لەسەرەکانیشی گرتەوە، لە ئەنجامدا زۆرینەی هەرە زۆری دەنگەکانی بۆ سەربەخۆیی بوو، کە گەیشتە زیاتر لە 93%ی دەنگی بەشداربووان، بەڵام بەغدا بەبێ پاساو و بە زەبری هێز رووبەڕووی بووەوە و هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی کردە سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و چەندین رێوشوێنی دیکەی سزادانی گرتە بەر.

هەروەها سەرۆکی حزبی (ئەلئومە) راشیگەیاندووە “ئەگەر هێزە سیاسییەکانی سوننە و شیعە مافی دەسەڵاتگرتنە دەستیان هەبێ، ئەوا گەلی کوردیش بەپێی تێکۆشان و خەباتەکەی، مافی مێژوویی هەن”.

هەرەها ئالوسی راشیگەیاندووە: “ئەو ریفراندۆمەی کرا، گوزارشت بوو لە دیموکراسەت و ئازادیی بیروڕا و ئازادیی مرۆڤەکان”.

سەرۆکی حزبی (ئەلئومە) دەشلێت“ گەلی کورد مافی چارەی خۆنووسینی هەیە،مافی مێژوویشی هەیە ریفراندۆمیش دەریخست، کە گەلی کورد ژیان و ئازادیی دەوێت”.

 

هەروەها گوتی: “ئەنجامەکانی ریفراندۆم زۆر روون بوون، کە گەلی کورد لەگەڵ ئازادی و دیموکراسی دایە، لەسەر هەمووانیش پێویستە رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان بگرن، گەلی کوردیش لەم ریفراندۆمەدا ئازادی و سەرفرازی و دەستدرێژینەکردنە سەر مێژوو و مافەکانی ویست”.

Back to top button