گواردیۆلا لەسەر بەدەستهێنانی بەرگریكارێكی نایاب شەڕی بارسێلۆنا دەكات

وێرای ئەوەی پیپ گواردیۆلا لە میدیاكان هەمیشە سۆز و خۆشەویستی خۆی بۆ بارسێلۆنا دەردەبڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جار بۆ بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی بە توندی بەرانبەر بەرژەوەندییەكانی یانە كەتەلۆنییەكە دەوەستێتەوە.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی (زا سەن) لەسەر زاری مۆنچی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی سیڤییا ئاشكرای كردوە كە مان سیتی لەسەر داوای گواردیۆلا بە توندی هاتوەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئامانجی بارسێلۆنا بۆ هێڵی بەرگری بڕفێنێت، بەگوێرەی بەڕێوەبەری یانەی سیڤییا گواردیۆلا و یانەكەی بری 46 ملیۆن پاوەنیان بۆ گواستنەوەی (كۆندی ) بەرگریكاری یانەی سیڤییا خستوەتە بەر دەستی یانەكە بەمەش گواردیۆلا ڕاشكاوانە شەڕی بارسێلۆنا دەكات و نایەوێت یاریزانەكە وەك شوێنگرەوەی پیكێ بچێتە بارسا یاریبكات.

لە رۆژنامەكە هاتوە كە سیڤییا پەلەی لە فرۆشتنی یاریزانەكە نییە و لە هەمان كاتیشدا دژی فرۆشتنی ئەستێرە لاوەكەی نییە، بەڵام دەیەوێت بە بەرزترین نرخ بیفرۆشێت، بۆیەش ئۆفەرەكەی مانچێستەر سیتی ڕەتكردوەتەوە.

Back to top button