نەجمەدین کەریم: ڕیفراندۆم زەرورەتێکی نەتەوەیی بوو بە ئاڕاستەی نیشاندانی خواستی گەلەکەمان

له‌ سێیه‌م ساڵیادی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆى كوردستان 25ی ئه‌یلوولی 2017، دكتۆر نەجمەدین کەریم له‌ پێگه‌ى تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك په‌یامێكی بڵاو كرده‌‌وه‌.

دكتۆر نەجمەدین کەریم له‌ په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: “هاونیشتیمانیانی ئازیزی کەرکووک و کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگەکانی پاراستنی خاک و نیشتمان، ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان و کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان ئەنجامدرا لە 25ی ئه‌یلوولی 2017”.

زیاتر هاتووه‌، “پڕۆسەی گشتپرسی زەرورەتێکی نەتەوەیی بوو بە ئاڕاستەی نیشاندانی خواستی گەلەکەمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوکات هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو غەدرە مێژووییە، کە زیاتر لە سەدەیەك بەرانبەر بە گەلەکەمان ئەنجامدراوە.”

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، “ئەم پرۆسەیە وەك فاکتەرێکی نەتەوەیی بۆ پرسی نەتەوەیی گەلەکەمان دەمێنێتەوە و دەکرێت هەنگاوەکانی داهاتوومانی لەسەر بنیادبنێن لە بەردەم دنیادا”.

ئاماژه‌ى داوه‌، “لە یادی سێ ساڵەی ڕێفراندۆمدا، سوپاس گوزاری خۆمان بۆ هەڵوێستی نیشتمانییانە و ئیرادەی بەرز و خۆڕاگری هاونیشتمانیان دەردەبڕین. بەزر و پیرۆزبێت یادی سێ ساڵەی گشتپرسی لە باشوری کوردستان. سەرربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی پاراستنی کوردستان و کەرکووک”.

ئەمڕۆ سێ ئەیلوولی 2020، سێ ساڵ و ڕۆژێك بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت كە تێیدا 93%ی دەنگدەرانی هەرێم دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

Back to top button