ئه‌مریكا هه‌ره‌شه‌ی داخستنی بالیۆزخانه‌كه‌ی ده‌كات له‌ به‌غدا

بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، مایک پۆمپەیۆ گوشارەکانی بۆ سەر کابینەکەی مستەفا کازمی زیاترکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

پۆمپەیۆ هۆشداری داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەوەی کە ئەگەر لە ئاست هێرشەکانی “ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن دژی ئەمریکا لە عێراق نەجووڵێتەوە”، ئەوا ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات.

بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، گوشارەکانی پۆمپەیۆ، کازمی خستووەتە بارودۆخێکی سەخت، کە تاوەکو ئێستا وەک کەسێك دەرکەوتووە کە جێگەی خواستی ئیدارەی ترەمپە. میدیای ئەمریکی دەنووسن “کازمی دەیەوێت توانای هێزەکانی نزیک لە ئێران سنووردار بکات، بەڵام لەوانەیە ئەو هەنگاوە دواجار بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی بشکێتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا وەک سەرکەوتنێك بۆ ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانی لە عێراق دادەنرێت، بەڵام وەک میدیای ئەمریکی دەڵێن، دەکرێت ئەو داخستنە دەستپێکێک بێت بۆ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردووەتەوە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسی و سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبووەتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، سەرۆککۆمار بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی راگەیاندووە کە نامەیەکی لە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەدەستگەیشتووە و تێیدا هۆشداری بە عێراق دراوە کە ئەگەر هێرشەکان دژی ئەمریکا لە عێراق نەوەستن، ئەوا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات و هەموو “میلیشیاکان”یش دەکاتە ئامانج.

Back to top button