ته‌نها له‌ مانگی رابردوو حه‌وت كۆلبه‌ر به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی پاسداران شه‌هید كراون

ئه‌مساڵ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساتڵانی پێشوو زۆرترین كۆلبه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی نێوان رۆژهه‌ڵات و باشوری كوردستان له‌ لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ كوژراون، به‌ جۆرێك ته‌نها لە ماوەی مانگی رابردوو حەوت کۆڵبەری کورد  بە تەقەی سەربازانی ئێران و تورکیا کوژراون و لە نزیک مەهابادیش هێزە سەربازیەکانی سەر بە تاران بە ئار پی جی جوار کەسیان لە ئۆتۆمبێلێکدا کوشتووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، له‌ ئامارێكی نوێدا رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ لە 23ی ئابەوە تاوەک 23ی ئەیلول، به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی سوپای پاسدارانو جه‌نده‌رمه‌ی توركیا حەوت کۆڵبەر و کاسبکار لەسەر سنوور بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران و تورکیا کوژراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، کاسبکارە کوردەکان لە ناوچە سنورییەکانی سەردەشت و پیرانشار و چاڵدێران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا شەهیدکراون و 11 کۆڵبەر و کاسبکاری کوردی دیکەیش هەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران و تورکیا بریندارکراون.

لەلایەکی ترەوە بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە نزیک گوندی چوارگای مەهاباد هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران بە ئار پی جی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیان کردۆتە ئامانج و بە هۆیەوە چوار کەس کوژراون.

Back to top button