مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ قوتابخانه‌یه‌كى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، زه‌نگى ده‌ستپێكى ساڵى تازه‌ى خوێندنى لێدا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27/9/2020، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ قوتابخانه‌یه‌كى شارۆچكه‌ى (به‌حركه‌)ى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، زه‌نگى ده‌ستپێكى ساڵى تازه‌ى خوێندنى لێدا و له‌ وتارێكدا گوتى: “خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەست پێبكات”.

سەرۆكی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد، بۆ ھەوڵ و ماندووبوون و دانانی میكانیزمێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بەتایبەتی لەم دۆخەی كە بەھۆی كۆرۆناوه‌ ھاتووەتە ئاراوە، ھاوكات سوپاسی مامۆستایانی كرد كە بەردەوامن لە ئەركەكەیان، كە بەردەوام پێشەنگن لە خزمەتكردن.

مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: “ڕاستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربوون، بەڵام لە ھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، قوتابییان بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگە و فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن، خوێندن تەنیا خوێندنەوەی كتێب و وانە نییە، بەڵكوو خۆئامادەكردنە بۆ ژیان، بۆیە تا زیاتر خۆتان ئامادە بكەن بۆ ژیان، ھێندە دەتوانن سەركەوتوو بن لە ژیان، دڵنیام زۆر لە ئێوەی قوتابییان ژیانی بندەستیتان نەبینیوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم ھەرێمە ھەیە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانێكی زۆرە، زۆر لە كەسوكاری ئێوە بۆ رزگاری نیشتمان و گەیشتنی ئەم ھەرێمە بەم قۆناغە، خەباتیان كردووە و تێكۆشاون، بۆیە پێویستە قەدری ئەوە بزانین، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیە و دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین”.

مه‌سرور بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: “داواتان لێدەكەم ھیچ كەس و شتێك وڵاتەكەتان و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئیوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی”.

دوای لێدانی زەنگی قوتابخانە لە قوتابخانه‌كه‌، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چەند پۆلێكی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە چاوی بە ئامادەكاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان بۆ خوێندن و خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایان كه‌وت.

Back to top button