هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی لە شاری هەولێر دەستی پێ كرد
ئهمڕۆ بە بەشداری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی لە شاری هەولێر دەستی پێ كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممه 27ی ئەیلوول، لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەك بەرپرسی ترى شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێز و دەزگەكانی ڕاگەیاندن، هەڵمەتێكی فراوانی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی دەستی پێكرد.
ئهوهش خراوهته ڕوو، هەڵمەتەكە سەرەتا لە بازاڕی میللیی كوورانی مەخموور دەستی پێكرد، پرۆسەكە لە شوێنەكانی دیكهش بە بەشداریی تیمەكانی شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ڕێكخراوێكی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەچێت، بۆ خاوێنكردنەوەی ژینگە و بایەخدانی زیاتر بە بابەتی ژینگەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر.
لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی دووپاتى لە گرنگی ئەو جۆرە هەڵمەتانەی ژینگەپارێزی كردەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك دامودەزگەكانی شارەوانی و رێكخراوەكانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییان، ژینگەی كوردستان لە پیسبوون بپارێزرێت.
لە تەوەرێكی دیكهى هەڵمەتەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە گوێی لە داواكاریی هاووڵاتییان و دووكاندارانی بازاڕەكە گرت، ئهمهش بەمهبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانیان و بەداوداچوون بۆ ئەو داواكاری و گرفتانەی لە سنوورەكە هەن و بەڵێنی بەدوادچوونی وردی پێدان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانهوه بەدواداچوون بكرێت.