پەکەکە دژى سەربەخۆیى کوردستانە

عەلی عەونی

گومانی تێدا نییە کە دەوڵەتی نەتەوەیی تورک، لەسەر ئینکار و لەناوبردنی کوردستان دامەزراوە، لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ لەناوبردنی کورد و کوردستان. جگە لە کارکردن لەسەر وێرانکردنی ژێرخانی کوردستان، هەوڵیان داوە بۆ شکاندنی کەسایەتی مرۆڤی کوردستانی و بێ کەرامەت کردنی هزری شۆڤێنی و فاشیستی تورک سەرچاوەی لە هزر و کرداری مستەفا کەمال پاشا (ئەتا تورک) وەرگرتووە.

بەرەنگاربوونەوە و راوەستان لە دژی ئەم هەموو دڕندەییە، راوەستان لە دژی توانەوەو تورکاندن، مافی ڕەوای کوردستانیانە. دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری بۆگەنی عوسمانی کوردستانیان چەندین ڕاپەرین و شۆڕشیان کردووە بۆ ئازاد بوون و سەربەخۆیی و تۆڵەکردنەوەی کارەساتی شەهیدکردنی رێبەران و کارەساتەکانی دێرسیم و گەلی زیلان و کوچاندنی زۆرە ملێی کوردستانیان و تواندنیان لەناو بۆتەی تورکایەتی.

گومانی تێدا نییە کە هەموو کوردستانیان وەک یەک ئەم زوخاوی ستەمەی تورکەکانیان چەشتووە. هەر ئەوان بوونە هۆکاری سەرەکی بۆ سەرنەگرتنی پەیمانی سیڤەر و لە دایک بوونی دەوڵەتی کوردستان لەسەر بەشێکی بچووکی خاکی کوردستان.

کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە دایک بوو، سەرەڕای ئەوەی وەک حیزبێکی کۆمۆنیستی و چەپ هاتە مەیدان، بەڵام داوای ئازادی هەرچوار پارچەی کوردستانی دەکرد.
ئەمەش نەک لەسەر ئاستی باکوری کوردستان، بگرە لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان پشتیوانی و لایەنگری زۆری بۆ پەیداکرد، بەڵام لایەنگریکردنی کوردستانیان لە پ.ک.ک لە کاتی خۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە گەلی کوردستان هەمیشە چاوی لەسەربەخۆیی و ئازادی کوردستانە، هەموو لایەنێک ئەم دروشمە بەرز بکاتەوە، زیاترین بەشی کوردستان لە دەوری کۆدەبێتەوە.
هەر بەم شێوەیەش خەڵک پشتگیری لە پ.ک.ک کرد و زۆرجار لە پێناو ئامانجە گەورەکە، گەلی کوردستان چاوپۆشی لە هەندێ هەڵەی زەقی پ.ک.ک دەکرد.
بەشێکی کوردستانیان ئەوەندە بە سادەیی و بە قوڵی بڕوایان بە پ.ک.ک دروشمی پ.ک.ک دەکرد کە تەنانەت قبوڵیان نەدەکرد ڕەخنەیی لۆژیکیش لە پ.ک.ک و ئاپۆ بگیرێت.
خۆشبەختانە دوای فراوانبوونی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕەکانی پەیوەندی جڤاکی و کەناڵەکانی راگەیاندن، بەرە بەرە پەچە لەسەر رووی هەموو لایەک و بەتایبەت ئاپۆچییەکان لادرا.

ئەوەتا خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیداریدا لەگەڵ پارێزەرەکانی لە رۆژی ٣/٨/٢٠٠٧ دەڵێت: مرۆڤ دەتوانێت ئەتاتورک زیندوو بکاتەوە، بەڵی مرۆڤ دەتوانێت زیندووی بکاتەوە، مستەفا کەمال تێکۆشەربوو، ئەمریکا دەیویست کورد بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونی تورکیا، ئەمە دواین ئینزار و ئاگاداری منە.
جا وەرە کوردستانیان پارچەبوونی هەر چوار وڵاتی داگیرکەریان هەبێت، ئاپۆی بیرمەند لە دژی بێت و هەرکەسیش وەک ئەو بیرنەکاتەوە خائین بێت!!.
هەروەها ئۆجەلان دەڵێت: ئەمریکا و ئەردۆغان پشتیوانی لە بارزانی دەکەن. دەوڵەتی نەتەوەیش بەس داخوازی بارزانیە، من بە کوردانی پ.د.ک (پارتی) دەڵێم، کوردانی نەتەوە دەوڵەت، پ.ک.ک دەوڵەت نەتەوە نییە. من دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەرپرسیاری فاشیزم دەزانم.
دەوڵەت دەڵێت من دژی پ.ک.ک م. ئەمە واتای ئەوەیە کە دژی کۆماری تورکیاشە. سەیری چاپەمەنی کەجەکە هی پارێزەرانی ئۆجەلان بکەن لە ٣٠/١١/٢٠٠٧.

ئەوەی ڕاست بێت گەمژەییەکی گەورەیە کە قەناعەت بەخۆت بکەیت ئەردۆغان دەوڵەت بۆ کوردستان دروست دەکات. من خۆم نازانم ئۆجەلان چۆن ئەم قسەیەی کردووە. بەشبەحاڵی خۆم سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئەردۆغان و خامەنەئی و ئەسەد و عیبادی دەوڵەتی کوردستانمان بۆ دروست بکەن ئەمە خەیاڵ پڵاوە.

دیسان عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: هێزگەلی بیانی موداخەلەی ناو وڵاتانی تورکیا و سووریا و ئێران و عێراق دەکەن. هەرجۆرە کردەوەیەک ببێتە هۆی لاوازبوونی تورکیا ئێمە خۆمانی لێدەکشێنینەوە، لە کاتی دروستبوونی کۆماری دەوڵەتی تورکیادا، هەروەک چۆن کۆماریخوازەکان هاوکاری و پشتگیری گەورەیان دایە دەوڵەت، ئێمەش بەو شێوەیە پشتگیری و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەین. سه‌یری ئۆزگورپولەتیکا لە ١٦/٣/٢٠٠١ بکەن.

ئێستا لە تورکیادا هیچ هێزێک وەک پ.ک.ک پشتگیری لە هەبوونی کۆماری تورکیا ناکات. ئۆجەلان و ئاپۆچیەکان پێیان وایە جەهەپە و مەهەپە و ئاکپارتی خیانەت لە کەمال پاشا دەکەن، و ئەو دڵسۆزترە بۆ یەکیتی خاکی داگیرکەران. ئەمە قسە و دیداری رێبەرەکەیانە، کەچی لێرەش بەناوی کوردایەتی خەریکی راکێشانی داگیرکەرانن بەناو خاکی باشوری کوردستان.
ئەوان دەیانەوێت بەناو دیموکراتی و برایەتی گەلان دەرفەتی لە دایک بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ لە دەستی کوردستانیان بدەن. مافی رەوای کوردستانیانە کە هەموو هێز و لایەنێکی کوردستانی بە رووتی و بەبێ پەچە ببینێت، مافی کوردستانیانە کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.
ئەمەش بەبێ هەرەس هێنانی هەرچوار وڵاتی داگیركه‌ری کوردستان و دابەشبوونیان دەستەبەر نابێت.

Back to top button