دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، پیرۆزبایی لە ئێزگەی دەنگی كوردستان دەکات
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..
لە بیرەوەریی (57)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی(ئێزگەی دەنگی كوردستان) پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بیسەرانی رادیۆ ئازیزەکەتان دەكەین و، دەستی هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونتان دەگوشین، هیواخوازین هەمیشە بەوپەڕی بەرپرسێتی و لەخۆبردوانە بەردەوامبن لە خزمەتی زیاتر و بەرچاوتر بە رەوتی تێكۆشانی گەلەكەمان و بواری میدیایی.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیار و رێنمایی رێبەر و سەرکردەی نەمر (مستەفا بارزانی) هەنگاوێكی گرنگ و بەرپرسانە بوو و، لەو قۆناغەی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەماندا رۆڵی دیار و كاریگەری خۆی هەبوو لە هۆشیاركردنەوە و داكۆكیكردن لە بیروباوەڕ و گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریی، هەروەک تا ئەمڕۆش دەنگێكی تایبەتمەندە لەرووی بەخشش و ئەرشیفی دەوڵەمەندی شۆڕشگێڕیی و كولتووریەوە و، لەرێی بەرنامە و پرۆگرامەكانیەوە توانیویەتی رۆژ بە رۆژ بەربڵاوتر خزمەت بە ھاوڵاتیان و دۆزی رەوای گەلەکەمان بکات…
لەو بۆنەیەدا وێرای دووپاتكردنەوەی تەواوی پشتیوانیمان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان ئومێدەواین زیاتر و باشتر لە هەموو روویەكەوە بەرەو پێش بچن و لەئاست ئەو ئەركە پیرۆزەی خۆتان بن لە خزمەتكردنی بیسەرانتان و هاووڵاتیان.
جارێکی دیکە یادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆزبێ و، سڵاو بۆ ئەو ماندوونەناسانەی لە كاروانی خزمەتی كوولتور و رۆشنبیریی و دۆزی رەوای گەلەكەمان كۆڵیان نەدا و ناو و جێدەست و دەنگ و سەدایان هەر بە زیندوویی ماوەتەوە..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان