پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (57)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و کادیر و كارمەندانی ئێزگەی دەنگی كوردستان..
ئەمڕۆ یادی (57)ەمین ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان دەكەینەوە، كە بە بڕیاری (بارزانی نەمر) و سەركردایەتی شۆڕش لە هەلومەرجێكی دژواری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، دەستی بەپەخشی بەرنامەکانی كرد.
ئێزگەی دەنگی كوردستان، كە دەسكەوتێكی گرنگی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، كاریگەری زۆریشی هەبوو لەسەر خەباتی سیاسی و چەكداریی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان، دەنگی كوردستان پەیامی داكۆكیكردن بوو لە هەبوون و واقیعی نەتەوەییمان و جۆشدانی گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێریی بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان.
رادیۆی دەنگی كوردستان بەدرێژایی تەمەنی كار و بەخششی هەمیشە دەنگی بوێرانەی خەڵكی كوردستان بووە بە هەموو پێكهاتە ئیتنی و ئایینیە جیاجیاكانیەوە، بۆیە توانیویەتی مینبەرێكی زوڵاڵ و پێشەنگ بێت لە بەرجەستەكردنی خواست و ویستی گەلەكەمان.
بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەی بەڕێزو بیسەرانتان دەكەین، وێرای ئومێدەواریمان بۆ بەردەوام بوونتان لە خزمەتكردن، لێشمان مسۆگەرە بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر و بەرچاوتر لەو بوارە پەرە بەكار و بەرنامە و چالاكیەكانتان دەدەن و، هەردەم بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەركی سەرشانتان بەجێدەگەیەنن.
لەم یادەدا جەخت لەسەر پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان دەكەینەوە و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین..
پیرۆزبێ ٥٧ ساڵ خزمەت و بەخشش.. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو كەسایەتی و كادیر و راگەیاندنكارانەی لەرێی سەروەری ئەو كاروانە پیرۆزەدا شەونخونیان كێشا و سەریان نایەوە….
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان