وەزارەتی دارایی لەبارەی دواکەوتنی مووچە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە گەرەنتیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت و لەئێستادا هەموو هەوڵەکانی وەزارەت چڕکراونەتەوە بۆ پابەندبوون بە پێدانی مووچە لە وادەی خۆیدا، هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولیش پەیوەندی هەیە بە بەردەستنەبونی پارەی نەختینەیی (سیولە) لە هەژماری فەرمی وەزارەتی دارایی.

هه‌واڵه‌كه‌ نوێ دەکرێتەوە..

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوڵاتیانی عێراق دڵنیا دەکەنەوە کە هەمووو هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا خستوەتەگەڕ، کە بەهۆی دۆخی تایبەتی دارایی، بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، دابەزینی بەهای نەوت و کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ، داهاتی دەوڵەت روبەڕوی کورتهێنان بوەتەوە.

ئەوەش هاتووە، بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنان حکومەتی عێراق داوای لە پەرلەمان کرد یاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەکی پەسەندبکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت مووچە و خەرجییەکانی دیکەی دەوڵەت دابین بکرێت، لەماوە چەند مانگی رابردوشدا بڕی 15 ترلیۆن دینار لە قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی مووچە خەرجکراوە، بۆ قەرزی نێودەوڵەتیش کە بڕەکەی 5 ملیار دۆلارە مەرجدار کراوە بەبەکارهێنانی ئەو پارەیە بۆ پشتیوانی پڕۆژەی گەشەپێدان و پڕۆژەی ستراتیژی.

ئەوە لەکاتێکدایە تائێستا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی دیارینەکردوە و دابەشکردنی مووچەش بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەراورد بەمانگەکانی پێشووتر دواکەوتووە، بەرپرسانی وەزارەتی داراییش هۆکارەکەی بۆ کێشەی ئاڵوگۆڕی دراو لەبانکی ناوەندی و بەردەستنەبونی پارەی نەختینەیی (سیولە) لە هەژماری فەرمی وەزارەتی دارایی دەگەڕێنەوە.

Back to top button